27 ساڵ بهسهر كۆچی دوایی فرانسوا میتران تێدهپهڕێت

K24 - هەولێر
27 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی یەکێک لەو سەرکردانەی جیهان تێدەپەڕێت، کە گەلی کوردستان هیچ کات لەبیری ناکات، فرانسوا میتران سەرۆکی فەرەنسا، پەیوەندییەکی مێژوویی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دروستکرد، به تایبهت دوای ئهوهی پشتیوانی سەرەکی دەرکردنی بڕیاری ژمارە 688ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بوو، بەرامبەر هێرشی سەددام کە کۆڕەوی ملیۆنی گەلی کوردستانی لێکەوتەوە.
لەسەر شەقامی 60 مەتری هەولێر چوارڕیانێک ناونراوە فرانسوا میتران، وەک وەفایەک بۆ سەرۆکی وڵاتێکی بەهێز، کە لە کۆڕەوەکەی 1991 یارمەتی گەلی کوردستانی داوە، ئەوکاتەی کورد دەنگی بەکەس رانەدەگەیشت، فرانسوا میتران، دەنگی کوردی گەیاندە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، یەکێک لە فریادڕەسەکانی گەلی کوردستان.
پێش راپەڕینیش فرانسوا میتران پشتیوانی لە گەلی کوردستان کردووە، لەوبارەوە مەحموود عوسمان سیاسەتمەداری کورد، بە کوردستان24ی گوت: "ساڵی 1988 کە لە کۆبوونەوەی ساڵانەی ئەنجومەنی نەتەوە یەکگرتووەکان، فرانسوا میتران تاکە سەرۆک بوو لە وتاری خۆی باسی لەوەکرد، ئەگەر ئێران و عێراق رێکبکەون دەبێ کورد لەبەر چاوبگرێت، چونکە کورد لە هەردوولا زیاتر زیانمەند بووە، کورد کێشەی هەیە و جارەسەر نەکراوە، ئەو قسەیە لەو کاتەدا زۆر گرنگ بوو".
لە ساڵانی دواتر سەرۆکەکان لە فەرەنسا گۆڕان، بەڵام دۆستایەتی و پشتیوانییەکانی ئەو وڵاتە بۆ هەرێمی کوردستان، زیاتر بوون.
بارزان جەوهەر، پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەڵێت: "فەرەنسا بەردەوام پشتیوانی لە مانەوەی هەرێمی کوردستان کردووە، هەروەها لە شەڕی تیرۆر بەردەوامە لە هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان".
گوتیشی: "لە دوای ریفراندۆمی سەربەخۆیی فەرەنسا رۆڵی گرنگی هەبوو بە کاریگەری دروستکردن لەسەر وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گەمارۆکەی شکاند".
لە مێژووی هەرێمی کوردستاندا، چوار جار سەرۆکی وڵاتان سەردانی هەولێریان کردووە، سییانیان، سەرۆکی وڵاتی فەرەنسا بوون، دووجار فرانسوا ئۆلاند و جارێکیش ئیمانوێل ماکرۆن، دواهەمینیشیان سەرۆکی هەنگاریا بوو لە مانگی رابردوودا، كورد دۆستەكانی لەبیرناكات و ھەرێمی كوردستانیش لە چاوی فەرەنسادا، وەك زیاتر لە ھەرێميكی فیدراڵی تەماشا دەكرێت.