حکومەتی چین هەوڵی کۆنترۆڵکردنی عەلی بابا دەدات
K24 – هەولێر
حکومەتی چین توانی بەسەر سیاسەتەکانی دامەزرێنەری عەلی بابادا سەربکەوێ و کۆنترۆڵی گەورەترین پێگەی بازرگانی ئۆنلاین لە جیهاندا، بگرێتەدەست.
جەک ما، دامەزرێنەری گەورەترین عەلی بابا (گەورەترین پێگەی بازرگانی ئۆنلاین لە جیهاندا) لە ژێر گوشاری دەزگەی چاودێری چین، وازی لە بەشیکی زۆری پشکەکانی خۆی هێنا و ئێستا خاوەنی تەنها 6%ـی پشکەکانە.
بەپێی بەیاننامەی گروپی ئانت، جەک ما، پێشتر خاوەنی 50%ـی پشکەکانی عەلی بابا بووە. ئەو گرووپە سەر بە عەلی بابایە و خاوەنی سستەمی پارەدانی ئۆنلایەنە کە زیاتر لە ملیارێک و 300 ملیۆن بەکاربەری هەیە.
دوای وەستاندنی پرۆژەی گرووپی ئانت کە جەک مای دەکردە دەوڵەمەندترین کەسی چین، ئەو بۆ ماوەی سێ مانگ دەرنەکەوت و تەنانەت دەنگۆی رفاندنی لەلایەن دەزگە ئەمنییەکانی چینەوە بڵاوبوویەوە.
دوای چاکسازی لە پێکهاتەی گرووپی ئانت کە لەلایەن دەزگەی چاودێری حکومەتی چینەوە بەرەوپێش دەچێت، جەک ما، جارێکی دیکە دەرکەوتەوە. حکومەتی چین سزای یەک ملیار دۆلاری بەسەر ئەو گرووپەدا سەپاندووە.
بەشێک لە شارەزایانی سیاسەتی ئابووری چین، پێیانوایە رووبەڕووبوونەوەی حکومەت لەگەڵ گرووپی ئانت و جەک ما، نیشانەی ئەوەیە سەرکردایەتی چین دژی نفوزی وەبەرهێنەرە گەوەرەکانە لە سستەمی ئابووریی وڵاتدا.