لێبوردنی نێودەوڵەتی: پێویستە حکومەتی سوریا گەمارۆی سەر ناوچە کوردییەکانی باکووری حەلەب هەڵبگرێت

K24 - هەولێر:

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، پێویستە حکومەتی سوریا ئەو گەمارۆیە هەڵبگرێت کە بەسەر ناوچە کوردییەکانی باکووری حەلەبدا سەپاندوویەتی.

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە راپۆرتەکەیدا باسی لەوەشکردووە، حکومەتی سوریا لە ئابی 2022ـەوە گەمارۆی خستووەتە سەر نزیکەی 50 گوند و هەردوو ناوچەی کوردان (شێخ مەقسود و ئەشرەفییە) لە باکووری حەلەب کە لەژێر کۆنترۆڵی هێزە کوردییەکاندا و رێگەنادات سوتەمەنی و پێداویستییەکانی دیکەی رۆژانەیان پێبگات، بەو هۆیەوە خەڵکی ئەو ناوچەیە توانای دەسخستنی سوتەمەنی و پپێداویستییەکانی دیکەیان نییە.

لێبوردنی نێودەڵەتی ئاماژەی بەوەشداوە، سەرەتای سەپاندنی گەمارۆ بەسەر ئەو ناوچەیەدا هاوکات بووە لەگەڵ دەستپێکی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی حکومەتی سوریا و تورکیا.