مارکۆ روبیۆ: ئەگەر ئێران رێککەوتن نەکات باجی قورس دەدات
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، پێناچێت کۆماری ئیسلامیی ئێران ئامادە بێت بۆ گەیشتن بە رێککەوتن. هۆشداریشی دا کە ئەو باجەی تاران دەیدات شەو دوای شەو زیاتر دەبێت تا ئەو کاتەی بەرپرسانی ئەو وڵاتە دەگەڕێنەوە سەر رێڕەوی عەقڵانی خۆیان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23ـی تەممووزی 2026، مارکۆ روبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەرپرسیارە لە دانوستانەکان لەگەڵ تاران، روونیشیکردەوە، سەرجەم تیمەکانی دانوستانکار لەسەر بنەمای رێنمایی و فەرمانەکانی سەرۆک ترەمپ کار دەکەن.
گوتیشی: پێناچێت کۆماری ئیسلامیی ئێران ئامادە بێت بۆ گەیشتن بە رێککەوتن. دەشڵیت، ئەو باجەی تاران دەیدات شەو دوای شەو زیاتر دەبێت تا ئەو کاتەی بەرپرسانی ئەو وڵاتە دەگەڕێنەوە سەر رێڕەوی عەقڵانی خۆیان.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باسی لەوەشکرد، ئێران هەموو رۆژێک پەیوەندیمان پێوە دەکات بۆ واژۆکردنی رێککەوتن. بەڵام دواتر لە قسەکانی خۆی پاشگەز دەبێتەوە.
روبیۆ ئاماژەی بەوە کرد، لە ئێستا ئێران بەدەست ناڕەحەتی و ئازارێکی بێوێنەوە گرفتاربووە. جەختی کردەوە، "ناتوانرێت بگەین بە هیچ رێککەوتنێک لەگەڵ ئێراندا ئەگەر خۆی پابەندی نەبێت و نەیپارێزێت."
سەبارەت بە ئەگەری دانوستانەکانیش، روبیۆ روونیکردەوە، ئێران لە ئێستا ئامادە نییە بۆ واژۆکردنی رێککەوتن، بەڵام لەوانەیە لە داهاتوویەکی نزیکدا ئامادە بێت؛ گوتیشی "ئەوەی ئێمە دەمانەوێت، تەنیا بریتییە لە نەهێشتنی هەڕەشەی ئەتۆمی لە ئێران."
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا تارانی تۆمەتبار کرد بەوەی کە پارە و هاوکاریی دارایی بۆ حزبوڵڵا و میلیشیا چەکدارەکان دابین دەکات لەپێناو برەودان بە تیرۆردا.
پەیوەست بە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باسی لەوە کرد، وا دیارە حوسییەکان هاتوونەتە ناو ململانێکانەوە، هیوای خواست کە ئەو گرووپە واز لە هێرشەکانیان بهێنن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، روبیۆ جەختی لەوە کردەوە، عەرەبستانی سعوودی هاوبەشێکی ستراتیژیی گرنگی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە. ئاماژەی بەوەش کرد کە ڕیاز هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی وزەی ئەتۆمی بۆ مەبەستی ئاشتیخوازانە دەدات، بۆیە واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی ئەتۆمی لەگەڵ سعوودیەدا بڕیارێکی لۆژیکی و گونجاوە.