گوته‌بێژی یه‌كێتی: كۆبوونه‌وه‌ی داهاتوومان له‌گه‌ڵ پارتی له نزیكترین كاتدا ده‌بێت

K24 - هه‌ولێر:
گوته‌بێژی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان جه‌ختی له به‌رده‌وامی كۆبوونه‌وه‌كانی نێوان پارتی و یه‌كێتی كرده‌وه، بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوانیان و رایگه‌یاند، له نزیكترین كاتدا كۆبوونه‌وه‌ی دووه‌می نێوان پارتی و یه‌كێتی ده‌كرێت.
ئه‌مڕۆ (یه‌كشه‌ممه 29ـی كانوونی دووه‌م / یه‌نایری 2023)، سۆران جه‌مال تاهیر گوته‌بێژی یه‌كێتی، له‌میانی لێدوانێكی رۆژنامه‌وانی رایگه‌یاند، یه‌كێتی ئاماده‌یه بۆ هه‌ڵبژاردن و داوای هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كانی كردووه.
هه‌روه‌ها لە وەڵامی پرسیارێكی پەیامنێری كوردستان24، سۆران جەمال تاھیر گوتەبێژی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایگەیاند، "پارتی و یەكێتی بەڕاشكاوی لە كۆبوونەوەكەدا لەسەر مێزی گفتوگۆ دەربارەی چەندین پرسی سیاسی، دارایی، بەڕێوەبردن و ھەڵبژاردن قسەیان كردووە و نیگەرانییەكانیان بۆ یەكتر روونكردووەتەوە".
گوتەبێژی یەكێتی گوتیشی "له نزیكترین كاتدا جارێكی دیكە پارتی و یەكێتی كۆدەبنەوە".
گوته‌بێژی یه‌كێتی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان، پێویستی به چه‌ند بنه‌مایه‌كی سه‌ره‌كی هه‌یه، له‌وانه، هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان و هه‌روه‌ها هه‌بوونی سه‌قامگیری ئابووری و ئه‌منی.