لە سلێمانی تەقە لە ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی كرا
دوو ئۆتۆمبێل تەقەیان كردووە و پاسەوانێك بریندارە
K24 – هەولێر:
كەمێك پێش ئێستا لە شاری سلێمانی تەقە لە بارەگای ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان كراوە و لە ئەنجامدا پاسەوانێكی بارەگاكە بریندار بووە.
پەیامنێری كوردستان 24 لە سلێمانی ڕایگەیاند" تەقە لە بارەگای ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی كراوە و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان، تەقەكەرەكان بە دوو ئۆتۆمبێل لە سایدی ئەوبەری بارەگاكەوە تەقەیان كردووە و ڕایانكردووە، و لە ئەنجامدا پاسەوانێكی بارەگاكە فیشەك بەر ڕانی كەوتووە و بریندار بووە.
بەپێی زانیارییەكانی پەیامنێری كوردستان 24، تا ئێستا ئەو تەقەكەرانە دەستگیر نەكراوون و پاش ئەوەی تەقەیان لە بارەگاكە كردووە، بەرەو دەرەوەی شاری سلێمانی هەڵاتوون.
لەبارەی ڕووداوەكەشەوە تا ئێستا هیچ دەزگایەكی فەرمی ئەمنی ئەو شارە ڕوونكردنەوە و زانیاری لەوبارەیەوە ڕانەگەیاندووە.
لە ماوەی ڕابردوودا چەندین جار لە شاری سلێمانی تەقە لەبارەگای ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان كراوە و تا ئێستا هیچ كەسێك لەسەر تەقەكردن لەو بارەگایە، كە دەكەوێتە سەر ڕێگای سەرەكی سلێمانی-كەركوك، دەستگیر نەكراوە.