سلێمانی هاوسۆزی بەغدایە

افیتەی پرسە لەناو شاری سلێمانیدا هەڵواسراوە و خەمباریی خۆیان ڕاگەیاندووە

K24 – هەولێر:

خەڵكی سلێمانی هاوسۆزی خۆیان بۆ بەغدا ڕاگەیاندووە و بەهۆی كوژرانی هاوڵاتیانی عێراقی لە ناوچەی كەڕادەی شاری بەغدا لەناو شاردا لافیتەی پرسە و هاوخەمییان هەڵواسیوە و ناڕەزایی خۆیان دەربڕیووە.

لافیتەكە بە ناوی خەڵكی شاری سلێمانییەوە بە هەردوو زمانی عەرەبی و كوردی نوسراوە و بەم شێوەیە هاوخەمی خۆیان دەربڕیووە ( هاونیشتیمانیانی سلێمانی ناڕازیی خۆیان دەردەبڕن لەو تەقینەوە تیرۆریستانە كە بەسەر هاوڵاتیانی " كەڕادە" كرا،دڵمان لاتانە و هیوای چاكبوونەوەی بریندارەكان دەخوازین).

دەربڕینی هاوسۆزی خەڵكی شاری سلێمانی بەهۆی تەقینەوەكەی ناوچەی كەڕادەوەیە كە بووە هۆی كوژرانی 215 كە و برینداربوونی زیاتر لە 230 كەس.

ئەو تەقینەوەیەش نیگەرانی و توڕەیی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و هاوڵاتیانی بەغدا و ناوچەی كەڕادە، كوژرانی ئەو هەموو خەڵكە سڤیلەیان بە كەمتەرخەمی و ناتوانایی دەزگا پەیوەندارەكانی بەغدا لە قەڵەم دا، كە نەیانتوانییوە خەڵكی سڤیل لە شەقام و ناو ماڵ و شوقەكانی خۆیاندا بپارێزن.

دوێنێش وەزیری ناوخۆی عێراقی بەهۆی ئەو كەمتەرخەمی و كێشانەی لە دۆسیەی ئەمنی بەغدا دا هەیە، دەستی لەكار كێشایەوە.