19 ساڵ بەسەر کردەوە تیرۆریستییەکەی 1ی شوبات تێدەپەڕێت

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ 19 ساڵ بەسەر کارەساتی 1ی شوبات تێدەپەڕێت، کە بەرەبەیانی یەکەم رۆژی جەژنی قوربان لە یەک کاتدا تیرۆریستان لە رێگەی دوو کردەوەی خۆکوژییەوە لە هەولێر لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستان و مەڵبەندی سێی یەكێتی نیشتمانی كوردستانیان کردە ئامانج، بەهۆیەوە 103 کەس، لە بەرپرسانی حزبیی و حکومی و هاووڵاتیانی ئاسایی شەهیدبوون.

جەژنی قوربانی 2004، ئامادەبووان لە دوو شوێنی جیاوازی حزبی جەژنە پیرۆزەو گەردن ئازاییان لە یەكتر دەكرد، لەپرێكدا جەژنەكە بوو بە شین، تیرۆریستان لە یەک کاتدا تەقینەوەیان لە لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستان و مەڵبەندی سێی یەكێتی نیشتمانی كوردستانیان ئەنجامدا، شوێنێك كە بەرپرس و خەڵكی ئاسایی بەیەكەوە خەریكی جەژنە پیرۆزانە كردن لە یەكتر بوون.

دوو خۆكوژ لەیەك كاتدا ئەو دوو شوێنەیان كردبووە ئامانج، دوای نۆزدە ساڵ وەزارەتی كاروباری شەھیدان و ئەنفالكراون رایگەیاند، كە 103 كەس شەھیدبوونە، لەنێو شەھیدەكان بەرپرسی حزبی و حكومی، پێشمەرگە و خەڵكی ئاساییش ھەبوون.  كردەوە تیرۆریستییەكەی یەكی شوبات لە كاتێكدا بوو كە پرۆسەی یەكگرتنەوەی ھەردوو ئیدارەی ھەرێم دەستیپێكردبوو، پارتی و یەكێتی بڕیاریاندابوو كە لەمەوبەدوا بەیەكەوە و لە چوارچێوەی یەك حكومەتدا ھەرێمەكە بپارێزن و بەرێوەی ببەن. تیرۆریستان ئامانجیان ساردكردنەوەی لایەنە سیاسییەكان و لە سەرووی ھەموویان دوو حزبی سەرەكی بوو.

بەڵام شەھیدانی یەكی شوبات ھەتا رادەیەكی زۆر بوونە ھەوێنی پتەوكردنی ناوماڵی كورد، ئێستاش دوای 19 ساڵ بەرپرسان و ھاووڵاتی و خێزانی شەھیدەكان سەردانی مۆنیۆمێنتی یەكی شوبات لە پاركی سامی عەبدولرەحمانی ھەولێر دەكەن، ئەو شوێنەی بەناوی یەكێك لە سەركردە شەھیدەكانی ئەو رۆژە كراوەو ناوی ھەموو شەھیدەكان بەبێ جیاوازی نووسراوەتەوە، رووشیان لە پەرلەمانی كوردستانە كە ئاواتی شەھیدەكان بوو.

ئێستا دوای نۆزدە ساڵ ئەو دوو حزبەی لە یەك رۆژدا لەلایەن تیرۆریستان كرانە ئامانج، دەیانەوێت لە كۆبوونەوەكانیان بەردەوام بن، بۆ ئەوەی لەسەر چارەسەری ناكۆكییەكانیان رێكبكەون، ھەر بۆیە وەزارەتی كاروباری شەھیدان و ئەنفالكراوان لە راگەیاندراوەكەیدا داوا دەكات، بۆنەی یەكی شوبات ببێتە ھاندەر بۆ ئەوەی سەروەری كوردستان بەھێزتر بكرێت و ریزەكانی گەلەكەمانیش پتەوتر بكرێت.