ئەحمەد شەرع ئارامیی سنوورەکان و پاڵپشتی بۆ زەیدی دووپات دەکاتەوە
سەرۆکی سووریا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ میدیایەکی عەرەبیدا، جەختی کردەوە، سنووری نێوان سووریا و عێراق بە تەواوی ئارامە. ئاشکراشیکرد، هەماهەنگیی هاوبەش لە نێوان هەردوو وڵاتدا هەیە و هیچ رێکخراوێک نییە هەڕەشە یان مەترسی بۆ سەر ئاسایشیان دروست بکات.
چوارشەممە، 28ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئەحمەد شەرع سەرۆکی سووریا گوتی: "پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی نێوان سووریا و عێراق مێژوویین و چارەنووسی هەردوو وڵات بەیەکەوە گرێدراوە". ئەو پێیوایە نابێت پەیوەندیی نێوان دەوڵەتان بەگوێرەی ئارەزووی کەسی بێت، بەڵکو دەبێت بەپێی ئەو بنەمایانە بێت کە رێکیان دەخەن.
سەبارەت بە هەماهەنگییە ئابوورییەکان شەرع ئاماژەی کرد، هاوبەشیی زۆریان لەگەڵ عێراقدا هەیە، لەوانە سەرچاوەکانی ئاو. ئەو گوتی: "دەبێت پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بنیات بنرێن". شەرع دووپاتیکردەوە پێویستە ئەو بەرژەوەندییانە بەشێوەیەک بنیات بنرێن کە لێککردنەوەیان ئەستەم بێت.
سەرۆکی سووریا باسی لەوە کرد، وڵاتەکەی وەک دەروازەی عێراق بۆ سەر دەریای ناوەڕاست دادەنرێت. شەرع گوتی: "نەوتی عێراق پێویستی بە دەروازەی هەناردەکردن هەیە و بەندەرەکانی دەریای ناوەڕاست لە سووریا باشترین دەروازەن بۆ ئەو مەبەستە". ئەو هەروەها روونیکردەوە سووریا دەبێتە رێڕەوێک بۆ بەستنەوەی بەندەری فاو بە دەریای ناوەڕاست و عێراقیش دەبێتە رێڕەوێک لە نێوان سووریا و سعوودیە.
سەبارەت بە سەردانی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، شەرع پێشوازیی لێکرد و گوتی: "کاتێک پۆستەکەی وەرگرت پیرۆزباییمان لێکرد، لەو کاتەوەی گەیشتووینەتە دیمەشق سیاسەتەکانی بەغدا ئەرێنی بوون، سەرەڕای هەوڵی هەندێک لایەن بۆ ئەوەی هەڵوێستی دیکە بگرنەبەر".
شەرع ئەوەشی روونیکردەوە کە سووریا بە چاوی مەزهەبییەوە سەیری عێراق ناکات. ئەو جەختی لەوە کردەوە کە یەکەم وەبەرهێنان لە سووریا لە سەردەمی نوێیدا لەلایەن عێراقییەکانەوە کراوە. شەرع ئاماژەی بەوە دا رووبەری کشتوکاڵیی نێوان سووریا و عێراق بە سەبەتەی خۆراکی ناوچەکە دادەنرێت، چونکە ئەو رووبەرەی بە نزیکەی 100 ملیۆن دۆنمی کشتوکاڵیی هاوبەش مەزەندە دەکرێت، دەتوانێت خۆراکی نزیکەی 130 ملیۆن کەس دابین بکات.
لەبارەی رادەستکردنی چەکدارانی داعش بە عێراق، شەرع پێی وایە ئەو هەنگاوە لە کاتێکی هەستیاردا نراوە و 3 هەزار چەکداری سووری لەنێوانیاندا هەن. ئەو ئاشکرایکرد لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەریی عێراق لەبارەی گەڕاندنەوەی ئەو چەکدارانە قسەیان کردووە.
سەبارەت بە رابردووی خۆی لە عێراق، شەرع گوتی: "هەڵوێستم بەرامبەر داگیرکاریی ئەمریکا بۆ عێراق نەبەسترابووەوە بە هیچ پەیوەندییەکی رێکخراوەیی یان وەلا، دوای رووداوەکانی ساڵی 2003 دەستوەردانم لە هیچ ناکۆکییەکی مەزهەبی لە عێراق نەکردووە". ئەو روونیکردەوە لە کاتی بوونیدا لە عێراق دەستی بۆ هیچ کەسێکی مەدەنی یان بێچەک نەبردووە، ساڵی 2011 لە بەندیخانەی عێراق ئازاد کراوە و لەگەڵ دەستپێکی شۆڕشی سووریا گەڕاوەتەوە وڵاتەکەی.
لەبارەی هەوڵەکانی حکوومەتی عێراق بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، شەرع گوتی: "بوونی چەک و گرووپی جۆراوجۆر لەجیاتی پاراستنی، دەوڵەت لاواز دەکات". ئەو داوای کرد هێزە سیاسییەکان پشتیوانی لەو رێڕەوەی کۆنترۆڵکردنی چەک بکەن کە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران پەیڕەوی دەکات و جەختی لەوە کردەوە پێویستە عێراقییەکانیش پشتیوانی لە هەوڵەکانی ئەو بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بکەن.