سه‌رۆك وه‌زیرانی یۆنان بۆ كوردستان24: كاتی هاوكاریكردنی توركیا و سووریا و به‌لاوه‌نانی ناكۆكییه‌ سیاسییه‌كانه‌

کیریاکۆس میتسوتەکیس، سەرۆک وەزیرانی یۆنان
کیریاکۆس میتسوتەکیس، سەرۆک وەزیرانی یۆنان

K24 – هه‌ولێر:

سەرۆک وەزیرانی یۆنان لە وەڵامی پەیامنێری کوردستان 24 رایگەیاند، سەرەڕای ناکۆکییە سیاسییەکانیان لەگەڵ حکومەتی تورکیا، بەڵام هاوکارییەکانیان بۆ قوربانییەکانی تورکیا بەردەوام دەبێت.

کیریاکۆس میتسوتەکیس، سەرۆک وەزیرانی یۆنان  له‌ لێدوانیدا بۆ رۆژنامه‌نووسان و له‌ وه‌ڵامی پرسیاری كوردستان24، گوتی: "یۆنان یەکەم وڵات بوو تیمی رزگارکردنی نارد بۆ تورکیا و چەندین کەسیان لە ژێر داروپەردووەکاندا رزگارکردووە، تیمی دووەمیشمان ناردووە، پێنج فڕۆکەی پڕ لە هاوکاری مرۆییشمان ناردووە".

گوتیشی: "ئەرکی ئێمەیە هاوکاری وڵاتانی دراوسێمان بکەین. ئێستا کاتی ئەوەیە جیاوازییە سیاسییەکانمان وەلا بنێین و دەستی یارمەتی بۆ خەڵکی تورکیا و سووریا درێژبکەین، کە بەهۆی کارەساتەکەوە دەناڵێنن".

هه‌روه‌ها گوتی: "ناتوانم  پەیامێکی بەهێزتر بۆ پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکانمان ببینم لەوەی کە تیمەکانی رزگارکردنی یۆنانی هاوشان لەگەڵ تیمەکانی تورکی هەوڵدەدەن بۆ رزگارکردنی ژیانی منداڵێکی تورک. زۆرجار گوتوومانە خەڵکی یۆنان و تورکیا دۆستن و لەو دۆخەی ئێستاشدا ئەوەمان سەلماندووە".