زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزە لە ئورفاوە بە فڕۆکە دەگوازرێنەوە شارەکانی دیکە

فۆتۆ: AA
فۆتۆ: AA

K24 – هەولێر

بەهۆی ئەو بوومەلەرزەی کە ناوەندەکەی پارێزگای قەهرەمانمەڕەش بوو و کاریگەریی کردە سەر 10 پارێزگای دەوروبەری، 15 هەزار و 888 زیانلێکەوتوو بە فڕۆکە لە ئورفاوە گواستراونەتەوە بۆ شارەکانی دیکەی باکووری کوردستان و تورکیا.

ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی تورکیا رایگەیاندووە، نزیکەی هەزار کەس کە لە فڕۆکەخانەی ئورفا لە ئەرکدان بۆ گواستنەوەی زیانکێکەوتووانی کارەساتەکە.

لە شارەکەدا هاووڵاتییان بۆ شارە جیاوازەکانی تورکیا و بە تایبەت ئیستانبوڵ و ئەنقەرە دەگوازرێنەوە.

مونیر ئوڵوداغ بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی ئورفا، راگەیاند، هەمووان هەوڵدەدەن ئەرکی خۆیان بەجێ بگەیەنن.

لە یەکەم رۆژی بوومەلەرزەکەوە زیاتر لە 100 گەشتی ئاسمانی لە ئورفاوە ئەنجام دراوە، مونیر ئوڵوداغ رایگه‌یاند: "15 هەزار و 888 کەسمان لە ئورفاوە گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ شارەکانی دیکە. قەرەباڵغییەکی زۆر بەدیدەکرێت. دەرفەتی ئەوە بۆ هاووڵاتییانمان دەڕەخسێنین کە بە سیستەمی نۆرە گەشت بکەن. بە فڕۆکەی فریاگوزاری زیانلێکەوتووانی کارەستی بوومەلەرزەکە دەگوازرێنەوە".