گەشتی ئاسمانی لە فڕۆکەخانەی هاتای دەستیپێکردەوە

K24 - هەولێر

فڕۆکەخانەی هاتای لە تورکیا کە بەهۆی بوومەلەرزەوە زیانی پێگەیشتبوو، گەشتەکانی وەستاندبوو، جارێکی دیکە دەستی بە گەشتەکان کردەوە.

وەزارەتی گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا رایگەیاند، فڕۆکەخانەی هاتای کە بەهۆی بوومەلەرزەکانی قەهرامانمەڕەش زیانی بەرکەوتبوو، دووبارە دەستی بە گەشتەکان کردەوە.

لە پەیامێکدا وەزارەتی گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا راشیگەیاندووە: "بە خێرایی زیانەکانی رێڕەوی فڕینی فڕۆکەخانەمان نۆژەن کردەوە".

لە لایەکی دیکەوە تیمەکانی فڕۆکەخانەی گەورەی ئیستانبوڵ (İGA) کە کارەکانی نۆژەنکردنەوەی شوێنە زیانلێکەوتووەکانی فڕۆکەخانەکەیان ئەنجامدا، لەو بارەیەوە رایانگەیاند: "دوای ئەو زیانە زۆرەی بەهۆی بوومەلەرزەکانەوە بە رێڕەوی فڕینی فڕۆکەخانەی هاتای کەوت هەموو گەشتەکانی لێ راگیران، تیمەکانمان بە خێرایی گەیشتنە ناوچەکە و دەستیان بەکارەکانیان کرد".

هەروەها لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "فڕۆکەخانەکە، کە نزیکەی شەش کیلۆمەتر لە ناوەندی شارەکەوە دوورە و گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ ئەوەی یارمەتییەکان لە کاتی خۆیدا بگاتە ناوچەکە، چاوەڕێ دەکرا کە بە زووترین کات دەستی بە خزمەتگەیاندن بکاتەوە".

فورات ئەمسەن، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزارییە تەکنیکییەکانی فڕۆکەخانەی ئیستانبوڵ. جەختی لەوەکردەوە کە فڕۆکەخانەی هاتای رۆڵێکی گرنگی هەیە لە گەیاندنی خێرا و کاریگەرانەی ئەو هاوکارییە لۆجستیانەی کە رەوانەی ناوچەی کارەساتەکە کراون لە هاتای و پارێزگاکانی دەوروبەری. فڕۆکەخانەکە وەک رێڕەوێکی ژیانی لێهاتووە بۆ ناوچەکە.