سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه‌ به‌سه‌ر ده‌كاته‌وه‌

له‌ دووه‌م رۆژی جه‌ژنی ره‌مه‌زاندا

K24 - هه‌ولێر:

مه‌سعوود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌، له‌ دووه‌م رۆژی جه‌ژنی ره‌مه‌زان، سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه‌ی له‌ محیوه‌ره‌كانی  مه‌خموور – گوێڕ به‌سه‌ركرده‌وه‌.

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌و به‌سه‌ركردنه‌وه‌یه‌دا، سه‌رپه‌رشتی كۆبوونه‌وه‌ی نێوان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراقی كرد، كه‌ له‌و میحوره‌ن.

مەسعود بارزانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان ڕایگەیاند کە رۆیشتنی بۆ ئەو میحوەرە لەبەر ئەوە بوو کە لەوێ هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق و هێزی هاوپەیمانان پێکەوەن تا پەیامێک بدەنە هەموو جیهان کە  پێکەوە بەرانبەر دوژمنێکی هاوبەش وەستاون کە دوژمنی هەموو مرۆڤایەتییە، بارزانی وتویەتی پشت بەخوا سەرکەوتنی گەورە وەدەست دەهێنین و تیرۆریستان تێکدەشکێنین.

هەروەها ئامادەبوونی نوێنەرانی بەشی زۆری میحوەرەکان و لیواکانی وەزارەتی پێشمەرگە و فەرماندەییەکانی یەکەکانی ٧٠ و ٨٠ بەڵگەی تەبایی و یەکڕیزیی هێزی پێشمەرگەی کوردستانە و، یەکڕیزیی هێزی پێشمەرگە و تێکەڵبوونی خوێنی پێشمەرگەکانمان لە سەنگەری بەرگرییدا بنەمای یەکڕیزیی گەلەکەمانە..هه‌روه‌ها هه‌ر له‌و كۆبونه‌وه‌ هاوبه‌شەدا باسی ئامادەکارییەکانی ئازادکردنی موسڵ کرا و له‌م رووه‌شه‌وه‌ جەخت لەسەر هاوکاری و هەماهەنگیی لایەنەکان کرایەوە.