كشانهوهی رووسیا له رێككهوتنی ستارت، ههنگاوێك بهرهو جهنگی جیهانی سێیهم
K24 - ههولێر:
تا دێت جهنگی ئۆکرانیا ئاڵۆزتر دەبێت، 24ـی ئەم مانگە ساڵێک بەسەر دەستپێکی جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا تێدەپەڕێت، ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا بەشداریکردنی وڵاتهكهی لە رێککەوتنی ستارت هەڵپەسارد.
رێککەوتنی نیو ستارت، لە 2010 لە نێوان باراک ئۆباما سەرۆکی پێشووتری ئەمهریکا و دمیرتی مێدڤیدێڤ سەرۆکی پێشووی رووسیا واژووکرا.
ئامانج لێی سنووردارکردنی کەمکردنەوەی ژمارەی کڵاوە ئەتۆمییەکانی رووسیا و ئەمهریکایە، هەریەکە لەو دوو وڵاتە نابێت زیاتر لە هەزار و 550 کڵاوەی ئەتۆمی و 700 موشەکی دوور مەودا و بۆمب هاوێژیان هەبێت.
لە 1967 ژمارەی کڵاوە ئەتۆمییەکانی ئەمهریکا لە لووتکەدا بوو و خاوەنی 31 هەزار و 255 کڵاوە بووە، ئێستاش خاوەنی سێ هەزار و 750 کڵاوەی ئەتۆمییە.
لە 16ی تەمموزی 1945، ئەمهریکا یەکەمین تاقیکردنەوەی بۆمبی ئەتۆمی ئەنجامدا بە ناوی ترینیتی و هێزی تەقینەوەکەی یەکسان بووە بە هێزی تەقینەوەی 18 هەزار و 600 تۆن تی ئێن تی.
هەزار و 32 تاقیکردنەوەی ئەتۆمی ئەنجامداوە، تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکانی لە 1992 کۆتاییهات.
گەورەترین تاقیکردنەوەی ئەتۆمی ئەمهریکاش ناوی کاسڵ براڤۆ بووە و لە یەکی ئاداری 1954 ئەنجامدراوە، هێزی تەقینەوەکەی یەکسان بووە بە هێزی تەقینەوەی 15 ملیۆن تۆن تی ئێ تی.
رووسیا کە پێشتر بەشێکی سەرەکی یەکێتی سۆڤیەت بوو، لە 1985 ژمارەی کڵاوە ئەتۆمییەکانی 39 هەزار و 197 کڵاوە بووە، ئێستا خاوەنی پێنج هەزار و 977 کڵاوەیە.
715 تاقیکردنەوەی ئەتۆمی ئەنجامداوە، تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکانی لە 1990 کۆتاییهات.
یەکەمین تاقیکردنەوەی بۆمبی ئەتۆمی رووسیا لە 29ـی ئابی 1949 بوو و ناوی ئار دی ئێس یەک بووە، هێزی تەقینەوەی یەکسان بوو بە هێزی تەقینەوەی 22 هەزار تۆن تی ئێن تی.
گەورەترین تاقیکردنەوەی ئەتۆمی رووسیاش بە ناوی تزار بۆمبا بووە، لە 30 تشرینی یەکەمی 1961 ئەنجامدراوە، هێزی تەقینەوەکەی یەکسان بووە بە هێزی تەقینەوەی 50 ملیۆن تۆن تی ئێن تی و سێ هەزار و 800 جار لەو بۆمبە ئەتۆمیەی ئەمهریکا بەهێزتر بووە کە لە هیرۆشیما بەکارهات.
ئەمهریکا و رووسیا، دوو زلهێزەکەی جیهان خاوەنی ٪90 چەکە ئەتۆمییەکانی جیهانن، ئێستا جهنگی ئۆکرانیا پەیوەندییەکانییانی ئاڵۆز کردووە.
جیهانیش لە مەترسیی ئەوەدایە، ئەو دوو دەوڵەتە زلهێزە تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکانیان دەستپێبکەنەوە، سێیەم جەنگی جیهانی دەست پێبکات.