دۆخی ناوخۆی یەکێتی ئاڵۆزتر دەبێت
K24 - هەولێر
تائێستا لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتی وەڵامی پەیامەکەی لاهور شێخ جەنگی نەدراوەتەوە، کاتێک هۆشداریدا لە ئەگەری بەدەنگەوە نەچوونی سەرکردایەتی یەکێتی بۆ پەیامەکەی، ئەو بەجیا و لەژێر ناوی یەکێتی کاری سیاسی خۆی دەکات. ئەمە لە کاتێکدایە کە دۆخی ناوخۆیی ئەو حزبە تا دێت ئاڵۆزتر دەبێت، چاودێرێکی سیاسی دەڵێت: نابێت کێشەی ناوخۆیی حزبەکان کاریگەری لەسەر پرۆسەی سیاسی هەرێمی کوردستان دروست بکات.
لە 48 ساڵ تەمەنی یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا، رەنگە تەنیا چەند ساڵێکی تێدا هەبێت، ئەوحزبە کێشەی ناوخۆیی نەبووبێ.
یەکێتییەکان زۆرجار ئەمە بە زیندووێتی حزبەکەیان دەزانن، بەڵام لە هەندێک قۆناغدا ئەو دیاردەیە حزبەکەی تووشی پاشەکشەی سیاسی كردووە.
ئەو پرسەی ئێستا یەکێتی سەرقاڵ کردووە، گەڕانەوەی لاهور شێخ جەنگییە وەک هاوسەرۆکی حزبەکە، بەڵام بەرپرسی راگەیاندنی مەڵبەندی سێی یەکێتی لە هەولێر لەوبڕوایەدایە کێشەکە لەو ئاستەدا نییە و، بە گوتەی ئەو "یەکێتی یەک بڕیار و یەک دەستە".
لەوبارەوە سەڵاح باپیر، گوتەبێژی مەڵبەندی سێی یەکێتی لە هەولێر بە کوردستان24ی گوت: "لە سەرەتای دامەزراندنیەوە ئەو ململانێیە لەناو یەکێتیدا هەر هەبووە، یەکێتی باوەڕی بە بیروڕای جیاواز هەبووە. ئەو گۆڕانکاریانەی لەم دوایەش لەناو یەکێتی کران شتێکی ئاساییە، ئێستا سەرکردایەتی یەکێتی بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی بە یەک تیم کاردەکەن".
سەبارەت بە کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی و کاریگەری بوونی لەسەر دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان، ئاراس عەبدوڵڵا، چاودێری سیاسی دەڵێت: "کێشەی هەر حزبێک پێویستە لەناو حزبەکەدا بمێنێتەوە نابێت کاریگەری بکاتە سەر پرۆسەی سیاسی هەرێمی کوردستان".
گوتیشی: "دواخستنی هەڵبژاردن بۆ جاری دووەم شەرعیەتی هەرێمی کوردستان لە رووی دیموکراسییەوەلەکەدار دەکات، بۆیە پێویستە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان نەکەوێتە ژێرباری کێشەی ناوخۆی هیچ حزبێک، پێویستە حزبەکان کێشەکانیان لەناوخۆیاندا چارەسەر بکەن، بۆ ئەوەی کاریگەری نەرێنی لەسەر هەرێمی کوردستان دروست نەکات".