لە پۆڵەندا پێشانگەی "هونەری بێ سنوور" کرایەوە

لە پانێلێکدا گفتوگۆ دەربارەی سنوورەکان دەکرێت

 K24 - هەولێر

لە گەلەری پانۆراما لە تۆماشۆڤیچ پێشانگەی "هونەری بێ سنور" کرایەوە و پانێڵێک بۆ گفتوگۆ دەربارەی بارو دۆخی پەنابەرانی سنوری بێلاڕووسیا بەڕێوەچوو، کە لەلایەن دامەزراوەی (ڤۆڵنۆ نام) و ئەکادیمیای هونەرە جوانەکان لە شاری کراکۆڤ و نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆلۆنیا زیاد رەئوف رێکخرابوو.

سەرەتای دەستپێکی پێشانگەکە بە پێشکەش کردنی وتاری هەریەک لە نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاد رەئوف و سەرۆکی ئەکادمیای هونەرە جوانەکان لە شاری کراکۆڤ پڕۆفیسۆر ئەندژێی بێدنارچیک و سەرۆکی دامەزراوەی 'ڤۆڵنۆ نام' خاتوو ئاگاتا کلوچێڤسکا و کۆرێتەری پێشانگە خاتوو مۆنیکا ڤانیورا کورۆسات دەستیپێکرد. 

 لە پێشانگەکە 52 کاری هونەری نیمایش کراون کە بەرهەمی 15 هونەرمەندی پەنابەر لە کوردستان و عیراق و کۆنگۆ و کوبا سنوریان بەزاندبوو وە لە کەمپە داخراوەکانی پۆلۆنیا و لیتوانیا دەست بەسەر بوون. کارە هونەریەکانیان جۆراوجۆرن وەکو تابلۆ و کۆلاژ و فۆتۆگرافی و پۆستەر و ڤیدیۆ.

بەرهەمەکانیان چارەنووسی سەخت و بە ئازاری ئەو کەسانە دەردەخەن کە ناچارن زێدی خۆیان بەجێبهێڵن و دەست بکەن بە گەشتە مەترسیدارەکان بۆ ئەوروپا و بەسەربردنی ژیانی تەنیایی لە کەمپە داخراوەکان. 

پاش کردنەوەی پێشانگاکە پانێلێکی گفتوگۆ دەربارەی قەیرانی پەنابەران لەسەر سنوری بێلاڕووس بەڕێوەچوو بە بەشداری کردنی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆلۆنیا و سەرۆکی ئەکادیمیای هونەرە جوانەکان لە شاری کراکۆڤ و سەرۆکی دامەزراوەی 'ڤۆڵنۆ نام' و ئەکتەری ناسراوی پۆلۆنی کە چالاکە لە یارمەتیدانی پەنابەران خاتوو مایا ئۆستاشێڤسکا لە لایەن خۆیەوە لێدوانێکی بۆ بەشداربووانی چالاکییەکە تۆمار کرد بوو، هەروەها کۆمەڵێک رۆژنامەنووس و چالاکوان کە لە سەرەتای دەستپێکردنی قەیرانی پەنابەرانەوە لەسەر سنووری بێلاڕووس هاوکاری پەنابەران دەکەن. 

لە میانی گفتوگۆکە نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاد رەئوف وتاری خۆی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەهۆکارەکانی کۆچکردن لەو وڵاتانەوە بۆ ئەوروپا کرد و جەختی لەوە کردەوە کە تاکە رێگە بۆ کەمکردنەوەی کۆچکردن لەو وڵاتانەوە بۆ ئەوروپا چارەسەرکردنی کێشەکان و نەهێشتنی هۆیەکانی کۆچ کردنە بە تایبەتی شەڕ و ئاژاوە و کێشە ئابورییەکان و کێشەکانی ژینگە، هەروەها لەو بوارەوە وڵاتە پێشکەوتووەکانی ئەوروپا و جیهان دەتوانن و ئەرکیشیانە کە کاریگەرییەکی ئەرێنیان هەبێت. 

پێشانگەکە کراوە دەبێت تا رێکەوتی 8/3/2023 لە تۆماشۆڤیچ.

.
.