ئاواره‌كانی شنگال ره‌خنه‌ له‌ هاوكارییه‌كانی حكومه‌تی عێراق ده‌گرن

شنگال
شنگال

K24 – هه‌ولێر:

حکومەتی عێراق بڕیاریداوە هەر خێزانێکی ئاوارەی شنگال بگەڕێتەوە شنگال هاوکاریی دارایی بە بڕی یەک ملیۆن و 500 هەزار دینار پێشکەش دەکات و دانیشتووانی شنگالیش دەڵێن ئەو بڕە پارەیە زۆر کەمە و ناتوانین ماڵە وێرانبووەکانیان بەو بڕە پارەیە نۆژەنبکەنەوە.

له‌ به‌دواداچوونێكی كوردستان24ـدا، یه‌كێك له‌ ئاواره‌كانی شنگال كه‌ ماوه‌ی هشه‌ت ساڵه‌ له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌یدا له‌ژێر خێوه‌تدا ده‌ژیت، به‌ نیگه‌رانییه‌وه‌ باس له‌ هاوكارینه‌كردنیان ده‌كات و ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات، هه‌مووان ده‌ڵێن بۆ دۆخی ئێمه‌ نیگه‌رانن به‌ڵام هاوكارییان ناكه‌ن وه‌ك پێویست بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ شوێنی خۆیان له‌ شنگال.

عتۆ ئۆمه‌ر گوتی، "خانووه‌كه‌ی من هه‌مووی له‌ناوچووه‌، له‌ توانای منیشدا نییه‌ دروستی بكه‌مه‌وه‌ به‌هۆی ئه‌و بڕه‌ پاره‌ كه‌مه‌ی له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ بۆ ئاواره‌كان ته‌رخانكراوه"ـ‌.

مام عه‌مه‌ر خدر، یه‌كێكی دیكه‌ له‌ ئاواره‌كان خانووه‌كه‌ی وێرانبووه‌ و پێویستی به‌ 25 ملیۆن دینار هه‌یه‌ بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌، به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، دوای هه‌شت ساڵ له‌ ئاواره‌یی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌یان بۆ ته‌رخانكردووین، "جێگه‌ی داخه‌ و پێویسته‌ زیاتربێت".

به‌گوێره‌ی داتاكانی ئیداره‌ی شنگاڵ، زیاتر له‌ 16 هه‌زار خانوو وێرانبوونه‌ به‌هۆی هێرشه‌كانی داعشه‌وه‌، كه‌ بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی هه‌ر خانووێك له‌ 20 ملیۆن بۆ 30 ملیۆن دینار پێویسته‌ بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر ماڵ و حاڵی خۆیان بژین.

له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌، محەممەد ببواتی، جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی كۆچ و كچبه‌رانی عێراق له‌ پارێزگای دهۆك به‌ كوردستان24ـی رایگه‌یاند، تاوه‌كو ئێستا زیاتر له‌ دوو هه‌زار خێزانی شنگال ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌یان وه‌رگرتووه‌ و به‌رده‌وامیش ده‌بن له‌ دابه‌شكردنی ئه‌و هاوكارییه‌ی حكومه‌تی عێراق بۆ ئاواره‌كانی شنگال.