سه‌ردانه رانه‌گه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی ئۆستن بۆ به‌غدا و هه‌ولێر چی لێكه‌وته‌وه؟
K24 - هەولێر:
لۆید ئۆستن وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریكا به سه‌ردانێكی رانه‌گه‌یه‌ندراو گه‌یشته به‌غدا و دواتر سه‌ردانی هه‌ولێری كرد.
وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریكا له به‌غدا له‌گه‌ڵ محه‌ممه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، هه‌روه‌ها له هه‌ولێریش له‌گه‌ڵ سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی و سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی كۆبووه‌وه.
ئۆستن له‌میانه‌ی كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌نووسی له به‌غداوه رایگه‌یاند، واشنتن پابه‌نده به پاراستنی هاوپه‌یمانێتی له‌گه‌ڵ عێراق، هه‌روه‌ها پشتگیری له سه‌قامگیری و سه‌روه‌ری خاكه‌كه‌ی ده‌كات.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه محه‌ممه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، دووپاتی پته‌وتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی حكومه‌ته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ واشنتن كرده‌وه، هه‌روه‌ها باسی له هاوسه‌نگی حكومه‌ته‌كه‌ی خۆشی كرد، كه له‌ناوچه‌كه‌دا پێڕه‌وی ده‌كات.
ئۆستن له به‌غداوه هه‌روه‌ها گوتی: "هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ئاماده‌ن له عێراق، له‌سه‌ر داوای حكومه‌ته‌كه‌ی بمێنێته‌وه، ئه‌و هێزانه شه‌ڕكه‌رنین، راوێژ به سوپای عێراق ده‌ده‌ن، بۆیه ده‌بێت ئاسایشی هێزه‌كانمان له عێراق پارێزراو بێت".
دواتر ئۆستن گه‌یشته هه‌ولێر، سه‌ردانی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی كرد و پاشان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی كۆبووه‌وه و كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌نووسی ئه‌نجامدا و تێیدا ئۆستن، پاڵپشتیی وڵاته‌كه‌ی بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی "تیرۆریستانی داعش" دووپاتكرده‌وه.
ئۆستن له هه‌ولێره‌وه گوتی، "له عێراق ده‌مێنینه‌وه و به‌رده‌وامده‌بین له پاڵپشتیكردنی هێزه‌كانی عێراق و پێشمه‌رگه له شه‌ڕی دژ به داعش. له‌ماوه‌ی رابردوودا له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان شانبه‌شان كارمان كردووه".
له به‌شێكی دیكه‌ی كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا، وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مه‌ریكا پێشوازی له هه‌وڵه‌كانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه بۆ یه‌كخستنه‌وه‌ی لیواكانی 70 و 80 ده‌ربڕی و گوتی، "ئه‌مه‌ریكا پێشوازی له هه‌نگاوه‌كانی یه‌كخستنه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه ده‌كات".
له ئێستادا ئه‌مه‌ریكا له ریزی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش له عێراق ماوه‌ته‌وه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له ساڵی 2017 حكومه‌ته‌كه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی كۆتایی داعشی راگه‌یاند، به‌ڵام ئه‌و رێكخراوه تیرۆریستییه هێرشی خوێناوی له زۆربه‌ی ناوچه‌كانی عێراق، به‌رده‌وام ئه‌نجام ده‌دات.
له‌ساڵی 2021، عێراق كۆتایی به ئه‌ركی هێزه شه‌ڕكه‌ره‌كانی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی هێنا، بریاردرا وه‌ك هێزی راوێژكاری له‌و وڵاته بمێننه‌وه.
چه‌ند رۆژێكیش ماوه یادی بیست ساڵه‌ی هێرشه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆسه‌ر رژێمی به‌عس و سه‌دام حوسێن بكرێته‌وه، ئۆستن له‌به‌غدا بوو و باسی له مانه‌وه‌ی سوپای ئه‌مه‌ریكا بۆ شه‌ڕكردن دژی بزووتنه‌وه جیهادییه‌كانی له عێراق كرد.
وێڕای ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق له‌ماوه‌ی ساڵانی پێشوو وه‌ك هاوپه‌یمانی ئێران ده‌رده‌كه‌وتن، به‌ڵام به‌غدا په‌یوه‌ندییه‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ واشنتن پاراستووه.
به‌شێك له سیاسییه شیعه‌كانی نزیك له ئێران، هه‌روه‌ها به‌شێك له پێكهاته‌كانی حه‌شدی شه‌عبی، داوای ده‌رچوونی ته‌واوی هێزه بیانییه‌كان له عێراق ده‌كه‌ن، له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی سوودانی بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران، ئه‌و گوتاره له عێراق لاواز بوو.
له‌دوای ساڵی 2003 تاكو 2011 و كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له عێراق، 100 هه‌زار هاووڵاتی سڤیل له عێراق كوژراون، له‌به‌رامبه‌ردا ئه‌مه‌ریكا 4500 سه‌ربازی له عێراق له‌ده‌ستداوه.
له‌سه‌رده‌می دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مه‌ریكا، په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان به‌غدا و واشنتن لاواز بوو، به‌تایبه‌ت دوای كوژرانی قاسم سوله‌یمانی فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی سه‌ر به سوپای پاسداران و هه‌روه‌ها ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیس له كانوونی دووه‌می 2020.