موجاھیدینی خەڵق مردنی مەسعوود رەجەوی رەتدەكاتەوە
"خوێندنەوەی ھەڵە بۆ قسەكانی توركی فەیسەڵ كراوە"
K24 - ھەولێر
ئەنجوومەنی میللی بەرگری كە سەر بە موجاھیدینی خەڵقی ئێرانە رەتیکردەوە مەسعوود رەجەوی سەرۆكی ئەو رێكخراوە مردبێت و دەڵێ، خوێندنەوەی ھەڵە بۆ قسەكانی توركی فەیسەڵ كراوە.
ئەمڕۆ یەكشەممە شاھین قوبادی گوتەبێژی رێكخراوی موجاھیدینی خەڵق بە رادیۆ فەردای راگەیاند كە خوێندنەوەی ھەڵە بۆ قسەكانی توركی فەیسەڵ شازادەی سعودی كراوە، ئەو دەنگۆیانەش رەتدەكاتەوە كەباس لە مردنی مەسعوود رەجەوی سەرۆكی ئەو رێكخراوە دەكەن.
دوێنێ شەممە تورك فەیسەڵ شازادەی سعوودی و سەرۆکی پێشووتری دەزگای هەواڵگری وڵاتەکەی لە گردبوونەوەی بەرفراوانی موجاھیدین ناوی مەسعوود رەجەوی بە كۆچكردوو ھێنا.