رێككه‌وتننامەی 11ی ئادار بووه‌ بەڵگەنامەیەكی یاسایی و مێژوویی

53 ساڵ بەسەر رێککەوتنی 11ی ئادار تێدەپەڕێت

K24 - هەولێر

53 ساڵ لەمەوبەر و له‌ 11ی ئاداری 1970دا رێككه‌وتنێكی مێژوویی له‌نێوان گەلی کورد به‌ سه‌رۆكایه‌تیی مستەفا بارزانی و حكومه‌تی عێراق واژۆ كرا، كه‌ به‌شێكی خواسته‌كانی شۆڕش و گه‌لی كوردستانی تێدا هاتبووه‌ دی، ئه‌و رێككه‌وتننامه‌ و دانپێدانانه‌ به‌ مافه‌كانی كورددا، بووه‌ هه‌وێنی به‌شێكی زۆری ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی دواتر به‌ده‌ستهاتن.

رێككه‌وتننامه‌كە‌ له‌ 15 خاڵ پێكهاتبوو، له‌ گرنگترین خاڵەكانی، داننان بوو به‌ مافی ئۆتۆنۆمی بۆ باشووری كوردستان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زمانی كوردی له‌ قوتابخانه‌كان بخوێندرێت، ئه‌وه‌ یه‌كه‌مین جاربوو حكومه‌تی عێراقی به‌ فه‌رمی ئه‌و مافانه‌ به‌ گه‌لی كوردستان بدات.

گرنگترین خاڵه‌كانی رێككه‌وتننامه‌ی 11ی ئادار:

-پرسی كورد له‌ ده‌ستووری كاتی عێراقدا.

- لە دەستووردا ھاوشێوەی نەتەوەی عەرەب دان بە نەتەوەی كورددا بنرێت.

- گەلی عێراق لە دوو نەتەوەی سەرەكی پێكدێت، نەتەوەی عەرەب و نەتەوەی كورد، لە چوارچێوەی یەكێتی عێراق، -دەستوور داندەنێ بە مافی نەتەوەیی گەلی كورد و هەموو كەمایەتییەكانی دیكە.

- زمانی كوردی هاوتای زمانی عەرەبی زمانی فەرمی بێت لەو ناوچانەی كە زۆربەی دانیشتوانیان كوردن و زمانی خوێندن و فێركردنیان دەبێت.

- دەبێت جێگرێكی سەرۆك كۆمار كورد بێت.

- گەلی كورد بە رێژەی دانیشتوانی بەشداری لە دەسەڵاتی یاساداناندا دەكات.

- ئۆتۆنۆمی بۆ كورد

- بەشداریكردنی كورد لە دەسەڵات و جیاوازی نەكردن لە فەرمانی گشتی و وەزارەت و سوپادا.

-بەھۆی پەراوێزخستنی لە رابردوودا كورد لە پەروەردە و فێركردن زیانی بەركەوتووە، لەم رووەوە پلانێك بۆ چارەسەركردنی كێشەیە دادەنرێت.

- ئه‌نجامدانی سه‌رژمێری بۆ ناوچه‌كانی ئۆتۆنۆمی.

- گەڕاندنەوەی ئەو قوتابیانەی له‌ قوتابخانەكانیان دەركراون یاخود بەھۆی توندوتیژی لە ناوچەكەكانیان ناچاربوون واز لە خوێندن بهێنن.

- زمانی كوردی لە ئێزگە و تەلەڤزیۆنەكانی حكومەت و پەخشی بەرنامەكاندا گرنگی پێبدرێت.

-قبوڵكردنی قوتابی كورد لە زانكۆ و كۆلێژەكان و پێدانی زەمالەی خوێندن بە یه‌كسانی لە دەرەوە و ناوەوەی وڵات. 

- بەرپرس و فەرمانبەرەكان لەو یەكە كارگێڕییانەی كە بەشی زۆریان كوردن، دەبێ كورد بن، یان لەو كەسانە بن كە كوردی باش دەزانن.

- گەڕاندنەوەی كوردان بۆ زێدی خۆیان و ئەو شوێنانەی كە پێشتر لێی ژیاون.

- پەلەكردن لە پیادەكردن و هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای چاکسازی كشتوكاڵ لە کوردستان و نه‌هێشتنی دەرەبەگایەتی، بۆ ئه‌وه‌ی جوتیارانیش پارچە زەویی گونجاویان پێبدرێت.

رێككه‌وتننامه‌ی 11ی‌ ئادار ده‌ستكه‌وتێكی گرنگی شۆڕشی ئه‌یلوول بوو، به‌ رابه‌رایه‌تی مستەفا بارزانی و خۆڕاگری و قوربانیدانی گه‌لی كوردستان بوو‌ له‌پێناو مافه‌ ره‌واكانیدا، هه‌ر ئه‌و رێككه‌وتنه‌ش بووه‌ بەڵگەنامەیەكی یاسایی و مێژوویی و به‌ردی بناغه‌ی هه‌موو ئه‌و ده‌سكه‌وتانه‌ی دواتری بۆ گه‌لی كوردستان دانا.

Fly Erbil Advertisment