ئاسایشی سلێمانی: ئەنجامدەرێكی تەقەكردن لە بارەگای ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی لە سلێمانی دەستگیركرا

ئاسایشی سلێمانی راگەیاندراوێك لەوبارەوە بڵاودەكاتەوە

K24 - ھەولێر

ئاسایشى سلێمانى رایگەیاند، كەسێكیان دەستگیركردووە كە ئەنجامدەری تەقەكردنە لە بارەگای ئه‌نجوومه‌نى سه‌ركردایه‌تى پارتى له‌ سلێمانى.

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاسایشى سلێمانی رایگەیاند: "دوای ده‌ستكه‌وتنی چه‌ند سه‌ره‌داوێك و به‌ بڕیاری دادوه‌ر، توانرا كه‌سێك ده‌ستگیر بكه‌ن به‌ناوی (أ. م . م) له‌ گه‌ڕه‌كی به‌كره‌جۆی سه‌ر به‌پارێزگای سلێمانی".

بە گوێرەی راگەیاندراوی ئاسایشی سلێمانی، ئەو كەسەی دەستگیریان كردووە،  ئەنجامدەری تەقەكردنەكەی شەوی پێنجی ئەم مانگەی بارەگای ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌ لە سلێمانی‌.

شەوی 5/7/2016 تەقە لە بارەگای ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی كرا و بەو ھۆیەوە پاسەوانێك برینداربوو، دوای رووداوەكەش پارتی دیموكراتی كوردستان لە رێگەی گوتەبێژی فەرمی خۆی داوای ئاشكراكردنی ئەنجامدەرانی تەقەكردنەكەی كرد.

ھەر دوای ئەو رووداوە گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماری تەقەكردنی لە بارەگای ئەنجوومەنی سەركردایەتی حزبەكەیان لە سلێمانی خستەڕوو كە بەپێی ئامارەكە تا ئێستا 30 جار تەقە لەو بارەگایە كراوە.

Fly Erbil Advertisment