ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی: سیخوڕی كردن كاری پەكەكەیە نەك ئەندامانی پارتی

پەكەكە تۆمەتی سیخوڕیكردن دەداتە پاڵ ژمارەیەك ئەندام و لایەنگری پارتی

K24 - ھەولێر

ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبارەی دەستگیركردنی ژمارەیەك ئەندام و لایەنگری پارتی لە لایەن پەكەكە بە تۆمەتی سیخوڕیكردن بەسەر بنكە و بارەگاكانیان رایگەیاند، سیخوڕیكردن بۆ وڵاتان كاری پەكەكەیە نەك ئەندامانی پارتی.

لە لێدوانێكدا بۆ ماڵپەڕی كوردستان24 عەلی عەونی ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "سیخوڕی كردن بۆ وڵاتان كاری ئەندامانی پارتی نییە و كاری ئەندام و لایەنگرانی پارتی بەرگریكردنە لە كوردستان، بەڵكو سیخوڕیكردن كاری پەكەكەیە دوای ئازادكردنی عێراق فایلەكان ئاشكرابوون و دەركەوت كێ سیخوڕی دەكات".

گوتیشی: "وەك پارتی ھەر ئەندام و لایەنگرێكمان دەستگیر بكرێت ھەڵویسمان دەبێت".

پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە میدیاكانیان بڵاویان كردوەتەوە كە چەند كەسێكیان بە تۆمەتی سیخوڕیكردن بۆ پارتی و میتی توركیا دەستگیركردووە و ئەو كەسانەش ئەندام و لایەنگری پارتی دیموكراتی كوردستانن".