تاران: سعودیە ھەرێمی كوردستان بۆ تێكدانی ئاسایشی ئێران بەكاردەھێنێت

تا ئێستاش چەندین جار لە رۆژھەڵاتی كوردستان نائەمنیان درووستكردووە.

K24 – هه‌ولێر:

كۆماری ئیسلامی ئێران رايگه‌ياند، بەرپرسانی سعودیە لەگەڵ ئۆپۆزيسیۆنی كوردی ئێرانی لە شاری ھەولێر كۆبوونەتەوە و تا ئێستاش چەندین جار لە رۆژھەڵاتی كوردستان نائەمنیان درووستكردووە.

موحسين رەزایی سكرتێری ئەنجومەنی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی ئێران، رایگەیاندووە، بەڵگەمان لەدەستدایە كە سعودیە پشتیوانی لە ئۆپۆزيسیۆنی ئێرانی دەكات.

رەزایی گوتيشى: ھەموو ئەو تيرۆرانەی كە لە ماوەی رابردوودا لە ئێران روویانداوە بە پشتیوانی سعودیە و گرووپە نه‌ياره‌كانى ئێران لەوانە رێكخراوی موجاھدین بووە.

دوای شەڕ و تێكھەڵچوونەكانی ئەمدواییەی پێشمەرگەكانی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و سوپای پاسداران، لە شارەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان، ئێران سعودیەی بە پاڵپشتیكردنی ئۆپۆزيسیۆنی كوردی ئێرانی تۆمەتبار كرد و رايگه‌ياند، حـزبەكان لە لایەن سعودیە و لە ھەرێمی كوردستانەوە ئاراستەی رۆژھەڵاتی كوردستان دەكرێن.