حكوومەتی ئەمریكا: ئامانج و سیاسەتمان لە عێراق ناگۆڕێت
"ھیچ مەبەستێکی نوێ لە ناردنی ئەو ھێزە نوێیەی ئەمریکا بۆ عێراق نییە"
K24 - ھەولێر
حکوومەتی ئەمریکا رایگەیاند بە زیادکردنی ژمارەی سەرباز و راوێژکارەکانیان لە عێراق، ئامانج و سیاسەتیان لەو وڵاتە ناگۆڕێت و ئەو ھێزە نوێیەشی رەوانەی عێراق دەکەن، تەنیا رۆڵی راوێژکاری و راھێنەر دەبینن و بەشداری لە ئۆپراسیۆنەکاندا ناکەن.
جۆن کێربی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە واشنتنەوە رایگەیاند کە ھیچ مەبەستێکی نوێ لە ناردنی ئەو ھێزە نوێیەی ئەمریکا بۆ عێراق نییە گوتیشی، لە رابردوودا رۆڵی سەرباز و راوێژکاری ئەمریکی لە شەڕی دژی داعش سەرکەوتوو بووە و ھەر لەو روانگەوە ئەمریکا ژمارەی ھێزەکانی خۆی لە عێراق زیاتر کردووە.
ئاشتۆن کارتەر دوێنێ لەمیانی سەردانەکەی بۆ عێراق، ئاشکرای کرد کە ئەمریکا 560 سەربازی دیکە رەوانەی عێراق دەکات بەمەبەستی ھاوکاریکردنی ھێزە عێراقییەکان لە ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی شاری مووسڵ.