سندوقی دراوی نێودەوڵەتی پاکێجێکی دارایی بە بڕی 15.6 ملیار دۆلار بۆ ئۆکرانیا پەسەند کرد

K24 - هەولێر:
دەستەی کارگێڕیی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، پاکێجێکی دارایی بە بڕی 15.6 ملیار دۆلار بۆ ئۆکرانیا پەسەند کرد کە لەگەڵ رووسیا لە جەنگدایە.
سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لە راگەیەندراوێکدا، ئاماژەی بەوە داوە کە پاکێجێکی دارایی کە بڕەکەی 15.6 ملیار دۆلارە پەسەند کراوە وەک بەشێک لە پاکێجی پشتیوانکردنی ئۆکراینا کە بڕەکەی 115 ملیار دۆلارە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە بڕیارەکەی دەستەی کارگێڕیی رێگەی بە خەرجکردنی دەستبەجێی نزیکەی 2.7 ملیار دۆلار داوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە ئامانج لە پاکێجی دارایی بریتییە پشتیوانیکردنی لە سەقامگیری ئابووری و ھاتنەوەخۆی ئابووری ئۆکراینا بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامیی قەرزەکان و ھاندانی چاکسازییەکان کە پشتگیری لە بوژانەوەی ئۆکرانیا دەکەن لە قۆناغی دوای جەنگدا.
سندوقی دراوی نێودەوڵەتی ھەفتەی رابردوو رایگەیاندبوو کە رێککەوتنێک کراوە لەگەڵ ئۆکراینا بۆ ئەو پاکێجە دارایییەی کە باسی لێوە دەکرێت.
ئاماژە بەوەش کرابوو، شاندی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی گاوین گرای لە رۆژانی 8-15ـی ئاداردا لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئۆکرانیا لە پۆڵەندا سەبارەت بە بەرنامەیەکی چوار ساڵیی ئابووری گفتوگۆیان کردووە.