ئەندامانی ئۆپێک بەرهه‌مهێنانی نه‌وت بەرێژەیەکی بەرچاو كه‌مده‌كەنەوە

K24 - هەولێر:

سعوودیە، عێراق، جەزائیر، عوممان، ئیمارات و کوێت بڕیاریان داوە لە مانگی ئایارەوە ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت کەم بکەنەوە.

لەو راگەیەندراوەی کە لە وەزارەتی نەوتی جەزائیرەوە بڵاو کراوەتەوە ئاماژە بەوە کراوە کە بڕیاریانداوە "خۆویستانە" 48 هەزار بەرمیل بەرهەمی رۆژانەیان کەمبکەنەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا، جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئەم کەمکردنەوەیە بە شێوەیەکی خۆیستانە و بە هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی  +OPEC لە مانگی ئایارەوە تاکو کۆتایی ساڵ ئەنجامدەدرێت و پەیوەستە بەو بڕیاری کەمکردنەوەی کە لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2022 دەرکراوە.

ئاژانسی فەرمیی هەواڵی سعوودیە (SPA)، لە هەواڵێکدا کە لە زاری سەرچاوکانی وەزارەتی وزەوە سەبارەت بەو بابەتە بڵاوی کردووەتەوە ئاماژەی بەوە کردووە کە سعوودیە بە هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی +OPEC لە مانگی ئایارەوە تاکو کۆتایی ساڵ بڕیاری کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی 500 هەزار بەرمیل رۆژانەی داوە.

وەزارەتی وزەی عوممانیش لە هەژماری فەرمی تویتەر، ئەوەی راگەیاند کە لە مانگی ئایارەوە تاکو کۆتایی ساڵ رۆژانە بەرهەمهێنانی 40 هەزار بەرمیل کەمدەکەنەوە.

هاوکات، عێراق کەمکردنەوەی 211 هەزار بەرمیل، ئیمارات 144 هەزار بەرمیل و کویت 128 هەزار بەرمیلی رۆژانەیان راگەیاند.

رووسیاش پێشتر کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی رۆژانە 500 هەزار بەرمیلی راگەیاندبوو.

لەگەڵ ئەم بڕیارانەی کە دەرکراوە وڵاتانی +OPEC لە مانگی ئایارەوە بۆ کۆتایی ساڵ رۆژانە بەرهەمهێنانی یەک ملیۆن بەرمیل نەوت کەمدەکەنەوە.

وڵاتانی +OPEC، لە کۆبوونەوەی 5ی تشرینی یەکەمی 2022، بڕیاریاندابوو لە مانگی تشرینی دووەمی 2022ەوە رۆژانە بەرهەمهێنانی دوو ملیۆن بەرمیل نەوت کەمبکەنەوە.

Fly Erbil Advertisment