بە وێنە؛ دەزگای خێرخوازی بارزانی 100 کورسی بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی ناسرییە دابینکرد

K24 - هەولێر:
دەزگای خێرخوازی بارزانی بە هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوەی (ئێل دی ئێس)ـی ئەمەریکی ماوەی چەند رۆژێکە کۆمەڵێک هاوکاریی مرۆیی گەیاندووەتە شاری ناسریە.
هاوکارییەکەکان لە 200 سەبەتەی خۆراک و نزیکەی 100 کورسی بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی ئەو شارە پێکدێت.
رێبوار محیەددین، بەرپرسی نووسینگەی دەزگای خێرخوازی بارزانی لە شاری کەرکووک بە کوردستان24ـی راگەیاند، لەسەر داوای پارێزگاری ناسرییە، دەزگای خێرخوازی بارزانی هەستاوە بە دابینکردنی کۆمەڵێک کەرەستەی خاوەن پێداویستی تایبەت، ئازووقە، پاککەرەوە و شیرینی بۆ منداڵان، بۆ خەڵکی کەم دەرامەتی ئەو شارە.
بەگوتەی رێبوار محیەددین، ئەو تیمەی دەزگای خێرخوازی بارزانی کە سەردانی ئەو پارێزگایەیان کردووە، مەودایەکی دوور و درێژیان بڕیوە و 13 کاتژمێر لەڕێگە بوونە، تا ئەو کاتەی گەیشتوونەتە ناسرییە و دەڵێت: بەبێ جیاوازی هاوکارییەکان دەگەیەنینە هەموو پارێزگاکانی عێراق.
گوتیشی، هەر پارێزگایەکی عێراق بیەوێت هاوکارییەکانـی دەزگای خێرخوازی بارزانی پێبگات، پێویستە نووسراوێکی فەرمی ئاراستەی سەرۆکایەتی دەزگاکە بکات و "ئەوەی لە دەستمان بێت بۆ هاوکاریکردنی، دەیکەین".





