گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کوردستان24: لە رێککەوتنی کۆتایی نزیکبووینەتەوە

عاسم جیهاد، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق
عاسم جیهاد، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق

K24 - هەولێر:

وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت، راگەیەندراوێکی هاوبەش لەلایەن هەردوو شاندی دانوستاندکاری وەزارەتی نەوتی عێراق و هەرێمی کوردستان بڵاودەکرێتەوە و هەردوو شاندەکە لە رێککەوتنی کۆتایی نزیک بوونەتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە 3ـی نیسانی 2023، عاسم جیهاد، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، گفتوگۆکان لەنێوان شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق و هەرێمی کوردستان لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان "بەشێوەیەکی ئەرێنی" بەڕێوەدەچن و هەردوو شاندەکە لە رێكکەوتنی کۆتایی نزیک بوونەتەوە. 

گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق گوتیشی، لە داهاتوویەکی نزیکدا راگەیەندراوێکی هاوبەش لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەلایەن هەردوو شاندەکەوە بڵاودەکرێتەوە.

فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بە کوردستان24ـی راگەیاند، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دانوستان لەسەر درێژەدان بە گفتوگۆکان لەسەر پرسی نەوت و هەناردەکردنەوەی بۆ دەرەوە، ئێستا لەگەڵ شاندی وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای سۆمۆ لە کۆبوونەوەدایە، 

سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا ئەوەشی خستەڕوو، بڕیاروایە دوای کۆبوونەوەکە، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سۆمۆ لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت کۆببنەوە.

شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن، چونکە لە چەند رۆژی رابردوو بە چاودێری محەممەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و بە ئامادەبوونی فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق، شاندی هەولێر و بەغدا گفتوگۆی چڕ لەسەر پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم کردووە و ئەنجامی باشی هەبووە. بەگوێرەی زانیارییەکان ئەمڕۆ یان سبەی رێککەوتن لەنێوان شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق دەکرێت.

بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، لیژنەیەکی چوار کەسی لەنێوان هەولێر و بەغدا پێکهێنراوە، دوو ئەندامیان لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێم و دوو ئەندامیش لە وەزارەتی نەوتی عێراق، بڕیارە لە داهاتوودا ئەو لیژنەیە سەرپەرشتی هەناردەکردن و بە بازاڕکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بکات، بە تەواوی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستانەوە، هەروەها هەژمارێکی بانکی سەر بە بانکی ناوەندی عێراقی بۆ داهاتی نەوت لە هەرێمی کوردستان بکرێتەوە و تەنیا یەک کەس دەسەڵاتی راکێشانی پارەکەی هەبێت.

دوای بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس 25/3/2023، لەبارەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، هەناردەی نەوت بۆ بەندەری جەیهان راگیرا، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رۆژی دواتر شاندێکی حکومەتی هەرێم بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو پرسە و گەیشتن بە رێککەوتن سەردانیان بەغدایان کرد.