فەرەنسا زیاتر لە 40 کۆچبەری لە نۆکەندی ئینگلیز رزگارکرد

رزگارکردنی ژمارەیەک پەنابەر - وێنە: AFP
رزگارکردنی ژمارەیەک پەنابەر - وێنە: AFP

K24 - هەولێر

دەسەڵاتدارانی فەرەنسا رزگارکردنی زیاتر لە 40 کۆچبەریان لە نۆکەندی ئینگلیز راگەیاند، لەکاتێکدا هەوڵیان دەدا بە دوو بەلەمی بچووکەوە بگەنە بەریتانیا.

ئیدارەی دەریایی نۆکەندی ئینگلیز لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، رۆژی چوارشەممە، 5ی ئاداری 2023، دەسەڵاتدارانی فەرەنسا لە دوو ئۆپەراسیۆنی یەک لە دوای یەکدا، 41 کۆچبەریان لە نۆکەندی ئینگلیز رزگارکردووە و گەیاندوویانەتە کەنار دەریاکە.

ئیدارەی نۆکەندی ئینگلیز جەختیکردەوە، بەیانی چوارشەممە، بەلەمێکی دەوریەی هێزی دەریایی فەرەنسا چاودێری، بوونی کەسانی خنکاوی دەکرد لە ئاوەکانی کەناری بۆلۆن سور میر، دواتر بینیان 28 کەس لەناو ئاوەکەدا بوون، ئەوانیش بەلەمێکی خێرایان نارد بۆ ئازادکردنی ئەو کەسانە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەنێو ئەمانەدا سێ منداڵ و کەسێکی پێگەیشتوو تووشی دابەزینی پلەی گەرمی ببوون و لەلایەن بەشی فریاکەوتنەوە چارەسەریان بۆ کراوە.

دوای ماوەیەکی کەم، کەشتییەکی هێزی دەریایی فەرەنسا بەلەمێکی دیکەیان رزگارکرد کە  13 کەسی تێدابووە.

لە ساڵی 2022دا، نزیکەی 46 هەزار کەس بە بەلەمی بچووکەوە بە کەناڵی ئینگلیزیدا خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا.