شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە
K24 – هەولێر
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوودا شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و لە هەندێک کاتدا لێزمە باران و هەورە تریشقە دەبێت و لە هەندێک ناوچە ئاستی ئاو بەرز دەبێتەوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "لەماوەى نێوان رۆژى دووشەممە تا رۆژى هەینى هەفتەى داهاتوو شەپۆلێکى بارانبارین روو لە ناوچەکەمان دەکات، لە ئەنجامى یەکگرتنى هەردوو نزمە پاڵەپەستۆى دەریاى ناوەڕاست و تورکیا شەپۆلێکى بارانبارین سەرجەمى ناوچە جیاجیاکان دەگرێتەوە ".
کەشناسی راشیگەیاند: "رۆژى دووشەممە سەرەتا بارانبارینى کەم لە ناوچەى جیاجیا دەبارێت، رۆژى سێشەم و چوارشەم و شەپۆلى بارانبارین بەهێز دەبێت بەگوێرەى نەخشەکانى بارانى پێشبینیکراو لەسەر ناوچەکەمان ئاستى دابارین بە شێوەى لێزمە باران و هەورە تریشقە و هەندێک کات بەرزبوونەوەى ئاستى ئاویش دەبێت لەگەڵ نزم بوونەوەى پلەکانى گەرما".