ڕۆژنامه‌نوسێكی به‌ریتانی له بری داعش قسه ده‌كات
ڕه‌خنه له بۆردومانی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان ده‌گرێت بۆ سه‌ر شاری موسڵ
K24 – هه‌ولێر:
ڤیدیۆیه‌كی نوێ له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوبووه‌ته‌وه، له ڤیدیۆكه‌دا ڕۆژنامه‌وانێكی به‌ریتانی كه له‌لایه‌ن داعشه‌وه وه‌ك بارمته گیراوه، ڕه‌خنه له هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش ده‌گرێت، به‌هۆی ئه‌وه‌ی بۆردومانی شاری موسڵ ده‌كه‌ن.
ڕۆژی سێ شه‌ممه، 12 ی ته‌مموز، ئاژانسی (ئه‌عماق) ی سه‌ر به ڕێكخراوی داعش، ڤیدیۆیه‌كی بڵاوكردووه‌ته‌وه، كه "جۆن كانتلی" ڕۆژنامه‌نووسی به‌ریتانی كه له‌لایه‌ن داعشه‌وه ڕفێنرا بوو، ده‌رده‌كه‌وێت و له چه‌ند ناوچه‌یه‌كی جیاوازی موسڵ قسه ده‌كات
ڕۆژنامه‌وانه به‌ریتانییه‌كه له به‌رده‌م باڵه‌خانه‌ی زانكۆی موسڵدا ده‌رده‌كه‌وێت، كه به‌هۆی بۆردومانی فڕۆكه‌كانی هاوپه‌یمانانه‌وه ڕووخاوه، و دوای ئه‌وه ده‌چێته گه‌ڕه‌كێك كه خانووی ڕووخاوی تێدایه.
هه‌روه‌ها له به‌رده‌م بانكی سه‌ره‌كی موسڵ قسه ده‌كات، كه به قسه‌ی "كانتلی" پێش جه‌ژن بۆردوومان كراوه و خاپور كراوه.
"جۆن كانتلی" زیاتر له جارێك ده‌ركه‌وتووه، دواین جار له مانگی "ئادار" ی ڕابردوو بوو.
جۆن كانتلی له‌گه‌ڵ هاوكارێكیدا به ناوی "جیمس فرۆلی" پێش دوو ساڵ له باكوری سوریا له‌لایه‌ن داعشه‌وه ده‌ستگیركران، و له مانگی ئابی 2014 دا له‌لایه‌ن چه‌كدارێكی داعشه‌وه فولی سه‌ربڕدرا.