پاسپۆرتی عێراق: یەکێتی ئەوروپا لارییان نییە لەسەر پاسپۆرتە ئەلیکترۆنییە نوێیەکەمان

K24 – هەولێر:
بەڕێوەبەرایەتی گشتی باری شارستانی و پاسپۆرت و نشینگەی عێراق رایگەیاند، یەکێتی ئەوروپا هیچ ناڕەزایەتییەکی نییە بەرامبەر بە پاسپۆرتە ئەلیکترۆنییە نوێیەکەی عێراق.
ئەمڕۆ هەینی (7ـــی نیسان/ ئەپڕێڵی 2023)، ریاز جوندی کەعبی، بەڕێوبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرت لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، رایگەیاند، یەکێتی ئەوروپا هیچ ناڕەزایەتییەکی نییە بەرامبەر بە پاسپۆرتە ئەلیکترۆنییە نوێیەکەی عێراق، وابڕیارە مانگی داهاتووش 500 هەزار پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی بگاتە عێراق و ئاماژەی بەوەشکردووە، پاسپۆرتە کۆنەکان رەتناکرێنەوە و کاریان پێدەکرێت تا وادەی تەواوبوونیان.
ریاز جوندی کەعبی، روونیشیکردەوە، پاسپۆرتی نوێی ئەلیکترۆنی لەلایەن رێکخراوی فڕۆکەوانی جیهانییەوە بڕواپێکراوە، هەروەها عێراقیش نووسراوی فەرمی رێکخراوی فڕۆکەوانی جیهانی بەدەستهێناوە بۆ دروستکردنی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، تا ئێستا 350 هەزار پاسپۆرت لە جۆری ئەلیکترۆنی هەیە لە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان، لە مانگی داهاتووش بڕی 500 هەزار پاسپۆرتی دیکەی ئەلیکترۆنی دەگاتە عێراق، پاشان بڕی ناردنی پاسپۆرت زیاد دەکات بۆ یەک ملیۆن.
ریاز جوندی کەعبی ئاماژەی بەوەشکرد، پاسپۆرتی کۆن راناگیرێت و کاری پێدەکرێت، ئەو پاسەپۆڕتەشی کە بەسەرچووە خاوەنەکەی دەتوانێت نوێی بکاتەوە و بیکاتە جۆری ئەلیکترۆنی.