بەهۆی ئەوەی باوکی زیاتر لە 550 منداڵە سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمار دەکرێت

K24 - هەولێر
پیاوێکی هۆڵەندی باوکی زیاتر لە 550 منداڵە، بە مەترسی خستنە سەر خۆشگوزەرانی منداڵان تۆمەتبار دەکرێت.
جۆناسان ئێم، تەمەن 41 ساڵ، بەخشەری سپێرمە و خەڵکی هۆڵەندایە، تۆمەتبار دەکرێت بەوەی بەردەوام ئارەزووی زاوزێی خۆی لە پێشینەی کارەکانیدا داناوە نەک خەمی باشی جەستەیی و دەروونی منداڵەکانی.
بەگوێرەی رێنماییەکانی هۆڵەندا، پیاو دەتوانێت تەنها سپێرمەکەی ببەخشێتە 12 خێزان یان 25 منداڵ، ئەمەش بە مەبەستی کەمکردنەوەی ئەگەری جووتبوون و پاراستنی تەندروستی منداڵەکان.
بەڵام رێکخراوێک باس لەوەدەکات، جۆناسان ئێم، بە ئاشکرا یاساکانی پشتگوێ خستووە و لە ماوەی دەیەی رابردوودا سەدان منداڵی بووە، ئێستا رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگرنەبەر بۆ ئەوەی نەتوانێت منداڵی زیاتری هەبێت.
ئافرەتێک سکاڵای لەسەر جۆناسان ئێم، تۆمار کردووە، دەڵێت: "ئەگەر بمزانیایە کە پێشتر زیاتر لە 100 منداڵی بووە، ئەم سپێرمەم هەڵندەبژارد، "کاتێک بیر لەو دەرئەنجامانە دەکەمەوە کە لەوانەیە بەدوایدا بێت، هەست بە ناڕەحەتی و نا سەقامگیری دەکەم، سەبارەت بە داهاتووی منداڵەکەم، چوونە دادگا تاکە رێگایە بۆ پاراستنی منداڵەکەم".
پێدەچێت لە ساڵی 2017 دەستی بە بەدەستهێنانی کێشکردن کردبێت، دوای ئەوەی ئاشکرا بوو کە باوکی زیاتر لە 100 منداڵە، لەو کاتەدا کۆمەڵەی هۆڵەندی بۆ کلینیکەکانی منداڵبوون و ئافرەتان بانکی سپێرم و کلینیکەکانی لە سەرانسەری وڵات رێنمایی کرد، کە دەستبەجێ بەکارهێنانی بەخشینەکانی رابگرن، بەڵام پێدەچێت رێنماییەکان نەبووبنە رێگر لەبەردەم ئەو پیاوە.
دامەزراوەی دۆنۆرکایند رایگەیاندووە، جۆناسان بەردەوام بووە لە دابینکردنی سپێرم بۆ ئەو دایکانەی کە لە رێگەی سۆشیال میدیاوە و درۆی لەگەڵیان کردووە سەبارەت بە ژمارەی ئەو منداڵانەی کە باوکیان بووە.
سودمەندان پشتیان بە پابەندبوونی ئەو پیاوە هۆڵەندیە بەستووە کە بۆی هەیە تەنها تا 25 منداڵی هەبێت، بەڵام گوایە خیانەتی لە متمانەیان کردووە و زیاتر لە 550 منداڵی لە سەرانسەری جیهاندا هەیە.
کاتێک مادەی بۆماوەیی بەخشەری سپێرم لە ژمارەیەکی زۆر لە نەوەکاندا هەبێت، مەترسییەکانی جووتبوونی خزمایەتی زیاد دەکات.
میدیاکانی هۆڵەندا بڵاویانکردەوە، جۆناسان ئێم، ئێستا لە کینیا دەژی و تا ئێستا رەتیکردووەتەوە هیچ لێدوانێک لەسەر ئەو تۆمەتانە بدات کە باس لەوە دەکەن، باوکی زیاتر لە 550 منداڵە لە سەرانسەری جیهاندا.