لیڤاندۆڤسكی 2 ناخۆشترین رووداوی ژیانی ئاشكرا ده‌كات

رۆبێرت لیڤاندۆڤسكی له‌گه‌ڵ ئانای هاوژینی
رۆبێرت لیڤاندۆڤسكی له‌گه‌ڵ ئانای هاوژینی

فیلمێكی دیكۆمێنتاری له‌ باره‌ی رۆبێرت لیڤاندۆڤسكی هێرشبه‌ری پۆڵه‌ندی یانه‌ی بارسێلۆنا بڵاوكرایه‌وه‌، كه‌ تێیدا ئه‌و یاریزانه‌ 2 ناخۆشترین ساته‌وه‌ختی ژیانی باس ده‌كات.

لیڤاندۆڤسكی له‌ 15 ساڵی رابردوو له‌ دوای كریستیانۆ و مێسی زۆرترین نازناوی به‌ كۆمه‌ڵ و تاكه‌كه‌سی بردووه‌ته‌وه‌، دیارترینیان دوو خه‌ڵاتی له‌سه‌ریه‌كی (زه‌ بێستی) له‌ ساڵانی 2020 و 2021 بوو.

ژیانی ڕۆبێرت لیڤاندۆڤسکی سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی پڕه‌ لە نازناو و ده‌ستكه‌وتی گه‌وره‌، به‌ڵام له‌ نێو فیلمە دیکۆمێنتارییەکەی چه‌ندان رووداوی نائومێدی و سه‌ختی ژیانی تێدایه‌.

فیلمی ئەستێرەكه‌ی بارسێلۆنا، ڕۆژی هەینی 31ـی ئادار لە "ئامازۆن پرایم" نماییشکرا، كه‌ تێیدا باس له‌ ته‌واوی نهێنییه‌ تایبه‌تی و كه‌سییه‌كان و ژیانی وه‌رزشی ده‌كرێت.

ئەو یاریزانە لە ڕێگەی ئه‌و فیلمه‌ دیکۆمێنتارییەوە هەموو لایەنەکانی ژیانی خۆی نیشان دا، کە تیایدا باسی خۆشەویستی خۆی بۆ یاری هۆکی سەهۆڵ ده‌كات، له‌ پاڵ ئه‌وه‌ش مردنی باوكی له‌ ته‌مه‌نی 16 ساڵی به‌ ناخۆشترین و گه‌وره‌ترین شۆك باس كرد.

له‌ لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه‌، لیڤا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ سەختترین سات ئەوکاتە بوو کە ئانای هاوسەری چەند ڕۆژێک پێش دەستپێکردنی یۆرۆی 2016 تووشی لەبارچوونی منداڵه‌كه‌یان بوو، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئاستی دروست كرد، به‌جۆرێك له‌ قۆناخی كۆمه‌ڵه‌كانی یۆرۆ نه‌یتوانی ته‌نیا گۆڵێكیش بكات.

لیڤا زیاتر ده‌ڵێت: "له‌باربردنی منداڵه‌كه‌مان هه‌رچه‌نده‌ سەخت بوو بۆ ئێمە وەک خێزانێک، به‌ڵام هەوڵمدا تا دەتوانم سەرنجم لەسەر تۆپی پێ بێت، سەرەڕای ئەو شۆك و نیگه‌رانیانه‌ی مێشكی پڕكردبووم، به‌ڵام توانیم هه‌موو شتێك له‌ هاندەران بشارمه‌وه‌، هانده‌ران هیچیان له‌ باره‌ی سه‌ختی ژیانی من نه‌ده‌زانی، تەنیا چاوەڕێی ئەوەیان دەکرد گۆڵ تۆمار بکەم.

لیڤاندۆڤسکی جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌ له‌ پاڵه‌وانێتی یۆرۆی 2016 ڕەخنەی زۆری لێگیراوە، بەهۆی ئەوەی نەیتوانیوە لە قۆناغی کۆمەڵەکاندا هیچ گۆڵێك تۆماربکات، ئه‌گه‌رچی له‌ قۆناخی چاره‌كی كۆتایی گۆڵێكی له‌ پۆرتوگال كرد، به‌ڵام به‌ لێدانی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ هه‌ڵبژارده‌كه‌ی دۆڕا و ماڵئاوایی له‌ یۆرۆی 2016 كرد.

لیڤاندۆڤسکی ته‌مه‌نی 34 ساڵ لەم وەرزەدا توانی 27 گۆڵ لەگەڵ بارسێلۆنا لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان تۆمار بکات، به‌ڵام هێشتا ڕەخنەی لێده‌گیرێت كه‌ ناتوانێت له‌ یارییه‌ گرینگه‌كانی ئه‌ورووپا و نێوخۆیی گۆڵ بكات.

Fly Erbil Advertisment