وەزارەتی دارایی سندووقێک بۆ چارەسەری تووشبووانی ماددەی هۆشبەر دادەمەزرێنێ

K24 – هەولێر:

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان  سندووقێک دادەمەزرێنێت، و پارەداری دەکات، ناوی دەنێت سندوقی ماددە هۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکان، بەداهاتەکەی چارەسەری تەندروستی بۆ بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر دابین دەکات، هاوکات پاداشتی دارایی ئەو لایەنانەش دەکات کە دەست بەسەر ماددە هۆشبەرەکەدا دەگرێت.

له‌مباره‌یه‌وه‌ سەفین محەممەدئەمین، بڕیاردەری لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر لە لێدوانێکی تایبەتدا بە کوردستان24ـی راگەیاند، وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رێنمایی ژمارە 2ـی ساڵی 2023 ـی دەرکردووە، بەمەبەستی دانان و دامەزراندنی سندووقێک بۆ پەرەپێدان و شیاندن و چارەسەری تووشبووانی ماددەی هۆشبەر، کە یارمەتیدەر دەبێت بۆ لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر و هەردوو وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی و وەزارەتی تەندروستی، کە لە ئاییندەیەکی نزیکدا بەرنامەی دانان و دامەزراندنی ئەم سەنتەرە لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک بکەوێتە بواری جێبەجێکردن.

بە گوتەی بەڕێوبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستان، تەنیا لە ماوەی سێ مانگی ئەمساڵدا، 200 بازرگانی ماددەی هۆشبەر و 500 بەکارهێنەران دەستگیرکراون، و زیاتر لە 27 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆرەکانی کریستاڵ، هیرۆین، حەشیش، تلیاك و ماریجوانا لەگەڵ نزیکەی 700 کیلۆگرام حەبی فەلی هۆشبەر و 2678 شریتی حەبی هۆشبەر دەستیان بەسەردا گیراوە.