وەزارەتی کارەبا لەبارەی شەپۆلە نوێیەکەی بارانبارین: ئامادەکاری بۆ هەر حاڵەتێکی نەخوازراو کراوە

ژمارەیەک کارمەندی بەشی تەکنیکی سەر بە وەزارتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان | وێنە: هەژماری فەیسبووکی وەزارەتی کارەبا
ژمارەیەک کارمەندی بەشی تەکنیکی سەر بە وەزارتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان | وێنە: هەژماری فەیسبووکی وەزارەتی کارەبا

K24 - هەولێر:

وەزارەتی حکومەتی هەر‌ێمی کوردستان دەڵێت، تیمەکانیان ئامادەکارییان کردووە بۆ روودانی هەر  حاڵەتێکی نەخوازراو لەکاتی هاتنی شەپۆلە نوێیەکەی بارانبارین.

ئەمڕۆ دووشەممە 10ـی نیسانی 2023، وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، فەرمانگەکانی کارەبا، بەتایبەتی کارمەندانی تەکنیکی لە هۆبەکانی چاکسازی و خزمەتگوزاری لە ئامادەباشی تەواودان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر حاڵەتێکی ناکاو و چارەسەرکردنی هەر کێشەیەکی کارەبا، کە لە ئەگەری باران و لافاو روودەدەن، بۆ ئەوەی بتوانن بە پێی خشتەی دیاریکراو، کارەبا بۆ هاووڵاتیان دابین بکەن.

وەزارەتی کارەبا  داواش لە کارمەندانی تەکنیکی وەزارەت دەکات ڕەچاوی ڕێوشوێنی سەلامەتی پیشەیی بکەن، هیواخوازیشە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان هاوکار بن لەگەڵ کارمەندەکانیان.

 

 

ئەمڕۆ دووشەممە 10ـی نیسانی 2023، بەشی پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان هەوری تەواو  دەبێت لەگەڵ دابارین  بەشێوەی  نمەباران  لەناوچە جیاجیاکانی کوردستان، هەندێک جار بەشێوەی تاوە باران  بروسکە هەور دەبێت  لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی هەرێم بۆ کاتەکانی ئێوارە. پلەی گەرما نزیک دەبێتەوە بە  بەراورد بە تۆمارەکانی دوێنێ تەنها ناوچە شاخاوییەکانی باکووری خۆرئاوا و پارێزگای دهۆک نزم دەبنەوە بە (4 -5 ) پلە.

سەبارەت بە کەشوهەوای سبەی کەشناسی پێشبینی دەکات، سبەی سێشەممە ئاسمان هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ نمە باران لەناوچە جیاجیاکانی هەرێم هەندێک جار بەشێوەی تاوە باران و بروسکە دەبێت لە کاتەکانی شەودا کاریگەری دابارین زیاد دەبێت لە زۆربەی ناوچەکاندا.  پلەی گەرما بە گشتی نزم دەبێتەوە بە (4-5) پلە بەراورد بە تۆمارەکانی ئەمڕۆ.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی:

هەولێر:  19 پلەى سیلیزى

سلێمانی: 20 پلەى سیلیزى

دهۆک: 18پلەى سیلیزى

کەرکوک: 23 پلەى سیلیزى

هەڵەبجە: 23پلەى سیلیزى

زاخۆ: 19 پلەى سیلیزى

سۆران:  15 پلەى سیلیزى