تەقینەوەی گوللـە هاوەنێک لە گوندی بەڵخەی هەورامان کوژرا و برینداری لێکەوتەوە
K24 – هەڵەبجە:
بەهۆی تەقینەوەی گوللـە هاوەنێک لە گوندی بەڵخەی ناحیەی تەوێڵە لە دەڤەری هەورامان، گەنجێک گیانی لەدەستدا و دوو کەسی دیکەس برینداربوون.
پەیامنێری کوردستان24 لە هەڵەبجە رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە (11ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023)، بەهۆی تەقینەوەی گوللـە هاوەنێک لە گونجی بەڵخەی دەڤەری هەورامان، گەنجێک بەناوی (ئاسۆ کەیکاوس) گیانی لەدەستدا و دوو هاوڕێی کە لەکاتی رووداوەکە لەگەڵیدابوون، برینداربوون.
لەلایەن خۆیەوە، موقەدەم بەرزان عوسمان، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە ئەنجامی دەستکاریکردنی گوللـە هاوەنێک لە ناحیەی تەوێڵە، کەسێک بەناوی ئاسۆ کەیکاوس کە تەمەنی 31 ساڵانە و دانیشتووی گەڕەکی سەرای پارێزگای هەڵەبجەیە، گیانی لەدەستدا و دوو کەسی دیکەش برینداربوون.
گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە ئاماژەی بەوەشکرد، بریندارەکان رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی هەڵەبجە کراون و دۆسیەی لێکۆڵینەوەش بۆ رووداوەکە لەلایەن بنکەی پۆلیسی تەوێڵەوە کراوەتەوە بۆ زانینی هۆکار و وردەکاری رووداوەکە.
هەروەها پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، یەکێکی دیکە لە بریندارەکانی ئەو رووداوە بەناوی (گەشتیار شەریف عەبدولعەزیز) بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
