فێستیڤاڵی رەمەزان لە هەولێر بە بەشداری 100 کۆمپانیا بەڕێوەدەچێت
K24 – هەولێر:
ئەمساڵ 100 کۆمپانیای جیاواز بەشداریان لە فێستیڤاڵی رەمەزان لە هەولێر کردووە، خواردن و شیرینی و بەرهەمی کوردەواری و جلوبەرگ دەفرۆشن، بەشداربووانی ئەم پێشانگەیە دەڵێن: " کردنەوەی ئەم جۆرە پێشانگەیانە رەخساندنی هەل و دەرفەتێکی باشە بۆ ساغکردنەوەی کاڵای ناوخۆیی".
لە فێستیڤاڵی رەمەزان،گرنگی بەو خواردنانە دەدرێت کە کوردەوارین و کوالێتیان بەرزە، لە رێگەی لیژنەیەکیشەوە چاودێری خۆراک و نرخەکانیان دەکرێت، هەروەها ئەمساڵ 100 کۆمپانیای جیاواز لە 7 ووڵاتی بیانی لە پێشانگەکە بەشدارن، زۆرینەی خواردنەکانی ئەم فێستیڤاڵە کوردەوارین.
لەلایەن خۆیەوە، حوسێن سامی، بەڕێوەبەری سەنتەری کارگێڕی پێشانگەی نێودەوڵەتی هەولێر، بە کوردستان24ــی راگەیاند، هەردەم پاڵپشتی کاڵای ناوەخۆیی و پاڵپشتی هەناردەکردنی کاڵای ناوخۆیی بۆ دەرەوەی وڵات دەکەن.
جگە لە رەخساندنی بازاڕیش بۆ بەرهەمەکان، ئاهەنگی شەوانەی خوێندنەوەی سروودی ئایینی لە چوارچێوەی فێستیڤاڵی رەمەزان بەڕێوەدەچێت و بڕیارە تاوەکو 18ــی ئەم مانگە بەردەوامبێت.