ئەمەریکا و فلیپین گەورەترین مانۆڕی سەربازی هاوبەشیان ئەنجامدا

تەوقەی ئێریک ئۆستین، نوێنەری بەڕێوەبەری مەشقی هێزی دەریایی سوپای ئەمەریکا، (ڕاست) و مارڤین لیکودین، بەڕێوەبەری راهێنانە سەربازییەکانی سوپای فلیپین  | سێشەممە 11ـی نیسانی 2023 | وێنە: Aaron Favila / AP
تەوقەی ئێریک ئۆستین، نوێنەری بەڕێوەبەری مەشقی هێزی دەریایی سوپای ئەمەریکا، (ڕاست) و مارڤین لیکودین، بەڕێوەبەری راهێنانە سەربازییەکانی سوپای فلیپین | سێشەممە 11ـی نیسانی 2023 | وێنە: Aaron Favila / AP

K24- هەولێر:

ئەمەریکا و فلیپین مانۆڕێکی هاوبەشی سەربازییان ئەنجامدا، کە گەورەترین بوو لە مێژووی هەردوو وڵاتدا.

رۆژی سێشەممە 11ی نیسانی 2023، لەژێر سەرپەرشتی ئێریک ئۆستین، نوێنەری بەڕێوەبەری مەشقی هێزی دەریایی ئەمەریکا و مارڤین لیکودین، بەڕێوەبەری راهێنانە سەربازییەکانی سوپای فلیپین؛ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و فلیپین مانۆڕێکی هاوبەشی سەربازییان دەستپێکرد، لە کاتێکدا هەردوو هاوپەیمان هەوڵدەدەن بەرامبەر بەهەژموونی چین لە ناوچەکەدا بوەستنەوە.

مانۆڕە سەربازییەکە گەورەترین بوو لە مێژووی هەردوو وڵاتدا و نزیکەی 18 هەزار سەرباز بەشداریان تێدا کرد.

ئەم مانۆڕەیە کە بە بالیکاتان ناسراوە، دوای مەشقێکی بەرفراوانی سێ رۆژەی پەکین دێت بەرامبەر بە دوورگەی تایوان، کە بە بەشێک لە خاکی خۆی دەزانێت .

مەشقی بالیکاتان بریتییە لە مەشقی نیشتنەوەی هێلیکۆپتەر لە دوورگەیەکی فلیپین، لە گەورەترین دوورگەی وڵاتەکە کە لوزۆنە و نزیکەی 300 کیلۆمەتر لە تایوانەوە دوورە.

عەقید مایکل لۆخیکۆ، گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی فلیپین دوای مەراسیمی دەستپێکردنی مانۆڕەکە لە سەربازگەی مانیلا بە رۆژنامەنووسانی گوت: بۆ پاراستنی خاکی سەروەری خۆمان، دەبێت مەشق بکەین بۆ وەرگرتنەوەی دوورگەیەک کە لە ئێمە بردراوە.

ئەمە یەکەمجارە ئەم مانۆڕە لە سەردەمی فێردیناند مارکۆسی سەرۆکی فلیپین ئەنجامدەدرێت، کە هەوڵدەدات پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتن باشتر بکات، ئەمەش دوای ئەوەی لە سەردەمی رۆدریگۆ دوتیرتی سەرۆکی پێشوودا تێکچووبوو.

دوای راگەیاندنی رێککەوتنی ئەمەریکا و فلیپین لەسەر ئەو مانۆڕە، چین ئەمەریکای تۆمەتبار کرد بەوەی "ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە".

باڵیۆزی چین لە فلیپین، خوانگ شیلیان، هەفتەی رابردوو گوتی: وڵاتانی ئەم بەشەی جیهان دەبێ سەربەخۆیی ستراتیژی خۆیان بپارێزن و بەرەنگاری لۆژیکی شەڕی سارد و رووبەڕووبوونەوەی هاوپەیمانییەکان ببنەوە.

نزیکەی 12 هەزار و 200 سەربازی ئەمەریکی و پێنج هەزار و 400 سەربازی فلیپینی و زیاتر لە 100 سەربازی ئوسترالی بۆ ئەو مانۆڕە کۆکراونەتەوە کە ماوەی هەفتەیەک دەخایەنێت، ئەمەش دوو هێندە زیاترە لە ساڵی رابردوودا.

لە کاتی مانۆڕەکەدا هێزەکانی ئەمەریکا مووشەکەکانی پاتریۆت بە کاردەهێنێت، کە لە باشترین سیستەمی بەرگری ئاسمانی جیهانن.

Fly Erbil Advertisment