کۆریای باکوور مووشەکێکی بە ئاراستەی دەریای ژاپۆن هەڵدا

K24 - هەولێر

بەپێی ئاژانسی هەواڵی یۆنهاپ، بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە کۆریای باکوور، مووشەکێکی بالیستی بەرەو دەریا هەڵداوە.

سەرۆک ئەرکانی هاوبەش لە سیئۆل بڵاویکردەوە، بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە،13ی نیسانی 2023،  کۆریای باکوور مووشەکێکی بالیستی بەرەو دەریای رۆژهەڵات کە بە "دەریای ژاپۆن" ناسراوە هەڵداوە، ئەمەش نوێترین هەنگاوە لە چوارچێوەی گرژییەکانی لەگەڵ سیئۆل و واشنتن.

سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند کە "کۆریای باکوور مووشەکێکی بالیستی هەڵداوە"، داواشی لە دانیشتوانی ناوچەی هۆکایدۆی باکووری وڵاتەکەی کرد کە خۆیان بشارنەوە دوای ئەوەی کۆریای باکوور مووشەکێکی گومانلێکراوی بالیستی ئاراستە کردووە.

حکومەتی ژاپۆن لە هۆشدارییەکدا بە دانیشتوانی هۆکایدۆی راگەیاندووە، "دەستبەجێ چۆڵبکەن" لە بیناکان یان ژێر زەویدا خۆتان پەنا بدەن بەر لەوەی مووشەکەکە بکەوێتەوە سەر زەوی.