گەنجێکی تەمەن 20 ساڵان لە پشت دزەپێکردنی بەڵگەنامە نهێنیەکانی ئەمەریکایە

K24 – هەولێر

رۆژنامەیەکی ئەمەریکی رایگەیاندووە، ئەو کەسانەی زانیاریە نهێنیەکانیان لە گروپێکدا لە نامە ناردنی خێرا لەسەر پلاتفۆرمی دیسکۆرد بڵاوکردووەتەوە، نزیکەی بیست کەسن کە خۆشەویستی هاوبەشیان بۆ چەک و سەربازی و یاریە ئەلکترۆنییەکان هەیە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 12ی نیسانی 2023، پلاتفۆرمی دیسکۆرد، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، هاوکاری لەگەڵ جێبەجێکردنی یاسادا دەکات.

بەرپرسانی ئەمەریکا بۆ ئاشکراکردنی تاوانبارەکان و پشتڕاستکردنەوەی ئەوەی کە دۆسیەکە بە جددی وەردەگرن، هەندێک زانیاریان لەسەر تاوانبارەکە ئاشکرا کرد.

رۆژنامەی "واشنتن پۆست"ی ئەمەریکی ئاشکرای کردووە، ئەو کەسە دزەپێکەرە گەنجێکی تەمەن بیست ساڵی بووە و حەزی لە چەک بووە و سەرقاڵی سەربازگەیەکی سەربازی بووە، بەپێی قسەی هاوکارەکانی لە گرووپێکی چات لە ئینتەرنێتدا.

رۆژنامەکە لە راپۆرتەکەیدا ناوی ئەو کەسەی نەهێناوە، پشتی بە چاوپێکەوتن لەگەڵ دوو ئەندامی گرووپی چاتەکە بەستووە، کە بەڵگەنامەکان لە گرووپێکی بچووکی داخراودا لە سایتێکی یارییە ئەلیکترۆنییەکاندا هاوبەشی پێکراوە.

هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، بەڵگەنامەکان لەگەڵ نزیکەی 20 کەسدا هاوبەشی پێکراون کە زۆربەیان پیاو و گەنجن و خۆشەویستییەکی هاوبەشیان بۆ دەمانچە و کەرەستەی سەربازی و یارییە ڤیدیۆییەکان هەیە.

دەشڵێت: ساڵی رابردوو بەشێک لە بەڵگەنامەکانی بڵاوکردووەتەوە، هەروەها بە هاوکارەکانی لە گرووپەکەی گوتووە کە لە کاتی کارکردنیدا لە بنکەیەکی سەربازیدا بەدەستیهێناوە، بەڵام دیاریی نەکردووە.

لە بەرامبەردا کەسێکی تەمەن 18 ساڵ لە گروپەکەدا کاتێک دزەپێکردنەکان بڵاوبوونەوە، قسەی بۆ رۆژنامەکە کرد و رایگەیاند، ئەو پیاوەی وەک "سەرکردە"ی گروپەکە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و لەنێویاندا بە ئاشنای نهێنییە سەربازییەکان ناسراوە، توانیویەتی لە ماوەی چەند مانگێکدا سەدان پەیامی بڵاوبکاتەوە، لەنێویاندا بڕگەی هەواڵگری نهێنی.

بەگوێرەی رۆژنامەی واشنتن پۆست، ئەو گەنجە بە هاوڕێکانی گوتووە، زۆرێک لەو بەڵگەنامانە بە دەست کۆپی کردووە، چونکە لەو شوێنانە دانراون کە هەڵگرتنی مۆبایل یان ئامێری ئەلیکترۆنی قەدەغەیە.

وەزارەتی داد هەفتەی رابردوو لێکۆڵینەوەی فەرمی تاوانکاری کردەوە، دوای ئەوەی پێنتاگۆن بابەتەکەی بڵاوکردەوە.

پێدەچێت مەترسیدارترین دزەپێکردنی نهێنییەکانی ئەمەریکا بێت، لە ماوەی ساڵانی رابردوودا، وێنەی بەڵگەنامە هەستیارەکان لە دیسکۆرد و پلاتفۆرمەکانی دیکەی وەک فۆڕچان، تێلیگرام و تویتەر بڵاوکراونەتەوە.

دەزگاکانی ئاسایشی نیشتمانی و وەزارەتی دادی ئەمەریکا بەدواداچوون بۆ ئەو دزەپێکردنە دەکەن بۆ هەڵسەنگاندنی زیانەکانی بە ئاسایشی نەتەوەیی و پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاوپەیمانان و وڵاتانی دیکەی وەک ئۆکرانیا.