زیندانیەک لە جۆرجیا بە هۆکارێکی سەیر گیانی لەدەستدا

K24 - هەولێر

تەرمی زیندانیەکی تەمەن 35 ساڵ لە زیندانێکی جۆرجیا دۆزرایەوە، دوای ئەوەی لەلایەن مێروولەکانەوە بەزیندوویی خووراوە.

پارێزەری خیزانی زیندانیەکە، رایگەیاند، لاشاون تۆمپسۆن، تەمەن 35 ساڵ، لەناو ژوورێکی زیندانێکی جۆرجیا، گیانی لەدەستداوە، ئەمەش دوای ئەوەی لەلایەن مێرووەکانەوە لەناو جێگاکەی خووراوە.

بەگوێرەی ماڵپەڕی "Insider"، پارێزەری زیندانییەکە، میشێڵ هارپەر، ئاشکرای کردووە، زیندانییەکە دوای سێ مانگ لە دەستگیرکردنی، بە مردوویی لەناو ژوورێکی قێزەون لە زیندانی فۆلتن لە جۆرجیا دۆزرایەوە.

هارپەر ئاماژەی بەوەشکرد، لەکاتێکدا لە زینداندا راگیرابوو، ئەفسەرەکان تۆمپسۆنیان گواستەوە بۆ بەشی دەروونی لە زیندانەکەدا، ئەمەش دوای ئەوەی بۆیان دەرکەوت کە تووشی نەخۆشییەکی دەروونی بووە، هەروەها پلانیان هەبوو بۆ گواستنەوەی زیندانیەکە بۆ یەکەی چاودێری پزیشکی، بەڵام پلانەکە جێبەجێ نەکراوە و دواتر تەرمەکەی دۆزرایەوە و مێروولە جێگاکەیان خواردووە.

لە راپۆرتی پزیشکی دادوەریدا هاتووە، "هیچ نیشانەیەکی ئاشکرای زەبر و زەنگ لە جەستەی مردووەکەدا نەدۆزراوەتەوە، بەڵام تەرمەکە بە مێروولەی جێگا داپۆشراوە".

هارپەر لە راگەیەندراوەکەدا دەشڵێت: "سەیری تێکچوونی تەندروستییان کردووە تا مردنی"، ئەمەش بۆ نەخۆشێک گونجاو نەبوو، شایەنی ئەوە نەبوو.

لای خۆیەوە، نووسینگەی شەریفی فولتن کاونتی لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرایکردووە، لێکۆڵینەوەیان لەبارەی بارودۆخی مردنی تۆمپسۆن کردووەتەوە.

برای تۆمپسۆن بە رۆژنامەنووسانی گوت: وێنەی تەرمی براکەی دڵ هەژێن و سەختە سەیر بکرێت.

ئێستا ئەو بنەماڵەیە داوای لێکۆڵینەوەی تاوانکاری دەکەن، هەروەها داوای داخستنی زیندانەکە دەکەن، لە جێگای ئەو دامەزراوەیەکی نوێ دروست بکەن.

Fly Erbil Advertisment