ئومێد خۆشناو لەبارەی دۆسیەی پارێزەرەکەی هەولێر: تۆمەتبارەکان کەسانی ناسراون و دەستگیردەکرێن
K24 - هەولێر:
ئومێد خۆشناو دەڵێت، ئەو کەسانەی بەیانی ئەمڕۆ هێرشیانکردووەتە سەر پارێزەرەکەی هەولێر، "کەسانی ناسراون" و لە زووترین کاتدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیردەکرێن. دەشڵێت: هیچ کەسێک ناتوانێت تۆمەتبارەکان داڵدە بدات.
بەیانی ئەمڕۆ شەممە 15ـی نیسانی 2023، چەند کەسێک لە هەولێر هێرشیان کردە سەر پارێزەرێک بەناوی 'محەممەد یابە سۆفی' و، دوای ئەوەی زۆریان لێدا و قژیان تاشی، لە نزیک ماڵەکەی بەجێیان هێشت. پارێزەرەکە بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر و ئێستا لەژێر چاودێری پزیشکیدایە.
لەوبارەوە؛ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پارێزەرەکە پارێزەری لایەنێک بووە و لەلایەن کەسوکاری لایەنەکەی دیکەوە، رفێندراوە، هێرشی کراوەتە سەر و ئەشکەنجە دراوە.
پارێزگاری هەولێر، کەسوکاری ئەو پارێزەرە و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دڵنیا دەکاتەوە، تۆمەتبارانی ئەو رووداوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیردەکرێن، چونکە وەکو خۆی دەڵێت، "کەسانی ناسراون و بزر نین". ئاماژەی بەوەشکرد، هیچ کەسێک ناتوانێت ئەو تۆمەتبارانە "داڵدە بدات" و لە هەرێمی کوردستان کەس لە یاسا بەرزتر نییە.
لای خۆیەوە، یونس یابە، برای ئەو پارێزەرە بە کوردستان24ی گوت: "هێرشکردنە سەر براکەم بەهۆی کەیسی ژن و مێردێک بووە، ماڵی ژنەکە براکەمیان کردووەتە بریکاری خۆیان، لایەنەکەی تر کە ماڵی پیاوەکەن بە یاسا رازی نەبوونە و براکەمیان رفاندووە و سێ کاتژمێر لێیانداوە و هەموو گیانی بووەتە خوێن".
گوتیشی: "هۆکاری هێرشکردنە سەر براکەم تەنیا ئەوەیە کە بەرگری لە یاسا کردووە، براکەم بڕوانامەی ماستەری هەیە لە یاسا و پارێزەری راوێژکارە".
سەبارەت بە تەندروستی براکەی، یونس دەڵێت: "سەرەتا تەندروستی زۆر ناجێگیر بوو، چونکە دەم و لوتیان شکاندووە، بە نیازبوونە بیکوژن بەڵام دواتر بڕیاریاندوە نەیکوژن، قژیان تاشیوە و ڤیدیۆیان تۆمارکردووە".
ئەوەشی خستەڕوو: "ئێستا سەندیکای پارێزەران و هێزەکانی ئاسایشی هەولێر لەسەر خەتن لەسەر ئەو بابەتە، چونکە ئەو کەیسە یاساییە و کەسی نییە ئێمە کێشەی کەسیمان لەگەڵ کەس نییە".
لەلایەکی دیکەوە، سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان لە راگەیەندراوێکدا "بە توندى" سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر پارێزەرەکەی کرد و بە "پێشێلکردن و دەستدرێژیکردنە سەر دامودەزگا یاساییەکانى هەرێمى کوردستان"ـی هەژمار کرد.
لە راگەیەندراوەکەی سەندیکاى پارێزەرانى کوردستاندا هاتووە: "ئێمە وەک سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان، لە پاڵ پارێزەرى سکاڵاکار، سکاڵاى خۆمان لە دژى ئەنجامدەرانى ئەم تاوانە تۆمار دەکەین و گشت ڕێکارە یاساییەکان دەگرینە بەر."
سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان بە پێویستی دەزانێت دەزگا دادوەری و ئەمنییەکان، "بە زووترین کات ئەنجامدەرانى ئەم تاوانە دەستگیر بکەن و ڕێکاریی یاساییان بەرامبەر بگرنە بەر بۆ ئەوەى ڕێگە بگیردرێت لە تاوانى هاوشێوە."