تورکیا مەرجی پێشوەختەی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سووریا رەتکردەوە
K24 - هەولێر
تورکیا رەتکردنەوەی هەر مەرجێکی پێشوەختە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دیمەشق راگەیاند و بەتایبەت کشانەوەی هێزەکانیان لە باکووری سووریا.
مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا، جەختی لەوە کردەوە، کە وڵاتەکەی هیچ مەرجێکی پێشوەختە قبوڵ ناکات کە ببێتە هۆی دانوستانی راستەوخۆ لەگەڵ حکومەتی سووریا لەوانەش کشانەوەی هێزەکانی.
مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند "ئێمە لە سووریا ناکشێینەوە بەردەوام دەبین، تاوەکو هێزەکانی پەیەدە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بمێنن".
سووریا تیشک دەخاتە سەر سێ خاڵی سەرەکی، ئەوانیش، کۆتاییهێنان بە بوونی تورکیا لەسەر خاکی سووریا، دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی سووریا و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بە هەموو جۆرەکانییەوە".
لەکاتێکدا تورکیا دووپاتیدەکاتەوە، کە بوونی سەربازی خۆی لە باکووری سووریا گەرەنتییە بۆ راگرتنی هەڕەشەکانی پەیەدە، هەروەها سووریا لە ئێستادا توانای کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانی نییە.
چاوشئۆغڵو جەختی لەسەر پێویستی بەکارکردن لەگەڵ رژێمی ئەسەد کردەوه بۆ دڵنیابوونەوەی گەڕانەوەی ئاواره سوورییەکان بۆ وڵاتەکەیان.
پێشتر دیمەشق رایگەیاندبوو، کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لە باکووری سووریا، مەرجێکە بۆ هەردانوستانێک بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانی نێوانیان، لە رۆژانی 3 و4 نیسان، وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و رووسیا و ئێران و سووریا لە مۆسکۆ کۆبوونەوە، گوتیان رێککەوتن هەیە بۆ درێژەدان بە دانوستانەکان و مامەڵە کردن لەگەڵ ئەو پرسانەی لە کارنامەکەیدایە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا، گرنگی بوونی سەربازی تورکیا لەسەر خاکی سووریا دووپاتکردەوە، وەک پێویستییەک بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و هەڕەشەکان کە لە ناوخۆی سووریاوە دێن.
لەو چوارچێوەیەشدا چاوشئۆغڵو رەخنەی لە میوانداریکردنی سەرکردەکانی پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە) لە لایەن ئەنجومەنی پیرانی فەرەنسا گرت و گوتی ئەمە "باشترین نموونەی دووڕووییە" لە شەڕی دژی تیرۆردا.
تورکیا هەوڵدەدات کۆبوونەوەیەک لەنێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری وڵاتەکەی و بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سووریا ئەنجامبدات، بە پاڵپشتی رووسیا و ئێران، بەڵام ئەسەد رایگەیاند، کشانەوەی تورکیا لە خاکی سووریا پێشمەرجێکە بۆ هەر کەسێک کە لەگەڵی کۆ ببێتەوە.