نەتەوە یەکگرتووەکان: 77 منداڵی یەمەنی بەهۆی سوورێژەوە گیانیان لەدەستداوە

منداڵێکی یەمەنی لەژێر چاودێری پزیشکیدا | دووشەممە 9ـی ئەیلوولی 2019 | وێنە: Hani Mohammed / AP
منداڵێکی یەمەنی لەژێر چاودێری پزیشکیدا | دووشەممە 9ـی ئەیلوولی 2019 | وێنە: Hani Mohammed / AP

K24 - هەولێر:

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، لە سەرەتای ساڵی 2023ەوە تا ئێستا، زیاتر لە نۆ هەزار کەس لە یەمەن تووشی نەخۆشی سوورێژە بوون و 77 منداڵیش بەهۆی ئەم نەخۆشییەوە گیانیان لەدەستداوە.

نووسینگەی هەماهەنگیی مرۆییی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان (OCHA) لە یەمەن لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە ئامارەکان سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی پەتای سوورێژە لەو وڵاتە جێگەی نیگەرانییە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "لە سەرەتای ئەمساڵەوە نۆ هەزار و 418 حاڵەتی تووشبوون بە سوورێژە لە یەمەن تۆمار کراوە، 77 منداڵیش بەهۆی ئەم نەخۆشییەوە گیانیان لەدەستداوە".

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، لە ساڵی 2022دا، نزیکەی 22 هەزار حاڵەتی تووشبوون بە سوورێژە لە یەمەن تۆمار کرابوو و 160 کەسیش بەهۆی ئەم نەخۆشییەوە گیانیان لەدەستدابوو.

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە راگەیەندراوەکێدا لە 19ی ئاداردا هۆشداری دابوو لەوەی حاڵەتەکانی تووشبوون بە سوورێژە و ئیفلیجی منداڵان لە یەمەن بڵاوبووەتەوە.