وەزیرانی دەرەوەی عێراق و ئۆکرانیا لە بەغدا کۆبوونەوە

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و کۆبوونەوەی دمیترۆ کوڵیبا، وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا | دووشەممە 17ـی نیسانی 2023 | وێنە: AHMAD AL-RUBAYE / AFP
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و کۆبوونەوەی دمیترۆ کوڵیبا، وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا | دووشەممە 17ـی نیسانی 2023 | وێنە: AHMAD AL-RUBAYE / AFP

K24 - هەولێر:

وەزیرانی دەرەوەی عێراق و ئۆکرانیا لە بەغدا کۆبوونەوە و جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات کردەوە. 

ئەمڕۆ دووشەممە 17ـی نیسانی 2023، دمیترۆ کوڵیبا، وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا گەیشتە بەغدا و لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق کۆبووەوە. دوای کۆبوونەوەکەش کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی ھاوبەشییان ئەنجام دا.

لەبارەی جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا؛ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق گوتی، "عێراق لەگەڵ راگەیاندنی ئاگربەستە لەبارەی جەنگی ئۆکرانیا - رووسیا."

وەزیری دەرەوەی عێراق خۆشحاڵی خۆی بەسەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا بۆ بەغدا نیشاندا و راگەیاند کە ئۆکرانیا، وڵاتێکی کشتوکاڵی، پیشەسازییە و جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی کە پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ ئۆکرانیا بەردەوامە.

 بەگوتەی فوئاد حوسێن، عێراق لەگەڵ راگەیاندنی ئاگربەستە لەبارەی جەنگی ئۆکرانیا- رووسیا و گوتی: "عێراق ھەوڵدەدات ببێت بە بەشێک لە چارەسەرکردنی جەنگی رووسیا - ئۆکرانیا".

باسی لەوەش کرد، لە میانی کۆبوونەوەکەدا، لەگەڵ دمیترۆ کوڵیبا باسیان لە پتەوترکردنی پەیوندی بازرگانیی نێوان عێراق و ئۆکرانیا کردووە، ھەروەھا لەبارەی ژمارەیەک پرسی دیکەوە گفتوگۆیان کردووە، بەتایبەتیش ئەوەی کە پەیوەستبوو بە دوورخستنەوەی ناوچەکە لە جەنگی ئابووریی.

لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا رایگەیاند، سەردانەکەی بۆ بەغدا، رەنگدانەوەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵاتە و گوتی: "پەیوەندییەکانمان لەگەڵ عێراق بەردەوام روو لە پەرەپێدانە".