ئێران داوای لە شای سعوودیە کرد سەردانی وڵاتەکەی بکات

ئاڵای سعوودیە و ئێران
ئاڵای سعوودیە و ئێران

K24 - هەولێر

ناسر کەنعانی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، رۆژی دووشەممە رایگەیاند، ئێران بانگهێشتی شای سعوودیەی کردووە بۆ سەردانیکردنی، دوای ئەوەی ئەم دوو وڵاتە لە مانگی ئاداردا کۆتاییان بە کێشەی چەند ساڵەی نێوانیان هێنا.

بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، کەنعانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران، لە وەڵامی بانگهێشتنامەیەکدا کە لە ریازەوە پێگەیشتبوو، بانگهێشتنامەیەکی بۆ شا سەلمانی سعوودیە ناردووە.

رۆژی چوارشەممەی رابردوو، کەنعانی رایگەیاندبوو، شاندێکی تەکنیکی ئێرانی چوونەتە سعوودیە، وەک ئامادەکارییەک بۆ کردنەوەی باڵیۆزخانەی ئێران.

لە 10ی ئاداردا، تاران و ریاز دوای حەوت ساڵ لە پچڕانی پەیوەندیەکانیان، جارێکی دیکە بە ناوبژیوانی چین ئاشتبوونەوە.