کۆشکی سپی: ئێستا هیچ پلانێک بۆ کشانەوەی ئەمەریکییەکان لە سوودان نییە

باڵەخانەی کۆشکی سپی | وێنە: AP
باڵەخانەی کۆشکی سپی | وێنە: AP

K24- هەولێر

گوتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی لە کۆشکی سپی رایگەیاند، پلانیان نییە لە ئێستادا، لە سوودان بکشێنەوە.

جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی لە کۆشکی سپی، بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، لە ئێستادا حکومەتی ئەمەریکا هیچ پلانی نییە، هاووڵاتییەکانی سوودان بە جێبهێڵن،  بەڵام ئەمەریکییەکان دەبێت دۆخە ناجێگیرەکەی ئەوێ زۆر بە جددی وەربگرن.

گوتیشی: داوا لە هاووڵاتییانی ئەمەریکی لە سوودان دەکەین کە ئەم دۆخە زۆر بە جددی وەربگرن.

سەبارەت بە سوودان، هۆشدارییەکی ئەمنی لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دراوە، کە تیایدا ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی ناجێگیری دۆخی ئەمنی خەرتووم و داخستنی فڕۆکەخانە، هیچ پلانێکی چۆڵکردن بە هەماهەنگی حکومەتی ئەمەریکادا لە ئێستادا نییە.