نەتەوە یەکگرتووەکان چالاکییەکانی لە سوودان راگرت
K24 - هەولێر:
نەتەوە یەکگرتووەکان بەهۆی پێکدادانەکانی نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا چالاکییەکانی لە سوودان راگرت.
ستیفان دوجاریک، گوتەبێژی سکرتێرتی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکان لە سوودان هاتووچۆی کارمەندەکانیان رووبەڕووی ئاستەنگ بووەتەوە و سنوورەکان و فڕۆکاخانەکان داخراون. ئاماژەی بەوەشکرد، نەتەوەیەکگرتووەکان ناچاربووە کە چالاکییەکانی رابگرێت، لە کاتێکدا لە دۆخی ئاساییدا 10 رێکخراوی سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان و زیاتر لە 89 رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی نزیکەی 250 پرۆگرام بەڕێوەدەبەن.
گوتەبێژی سکرتێرتی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان راشیگەیاند، پێکدادانەکان بە ئەندازەیەکی مەترسیدار کاریگەری لە دۆخی مرۆیی سوودان کردووە و فڕۆکەیەکی سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان بەهۆی پێکدادانەکانی فڕۆکەخانەی خەرتوومەوە زیانی بەرکەوتووە.
ماوەی چەند رۆژێکە شەڕ و پێکدادانی سەربازی لە خەرتوومی پایتەختی سوودان و شارەکانی دیکەش دەستیێکردووە، شەڕەکە لە نێوان هێزەکانی پشتیوانی خێرا بە سەرۆکایەتی محەمەد حەمدان دەقلو ناسراو بە حەمیدتی و سوپای سوودان بە سەرۆکایەتی لیوا عەبدولفەتاح ئەلبورهانە.