گۆڕانکاری لە تێچووی حەجی ئەمساڵدا دەکرێت

K24 - هەولێر:
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، تا ئێستا هەردوو شاندی حکومەتی عێراق و سعوودیە لەبارەی کۆی گشتیی تێچووی پڕۆسەی حەجی ئەمساڵ نەگەیشوونەتە رێککەوتن، "بەڵام چاوەڕێ دەكرێت تێچووەکە بۆ ئەمساڵ بەراورد بە پارساڵ زیاتر بێت".
رۆژی یەکشەممە 16ـی نیسانی 2023، شێخ نیاز راغب نەقشبەندی، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی شاندێکی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ شێخ سامی مەسعودی، سەرۆکی دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق کۆبووەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 18ـی نیسانی 2023، کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، سەردانی چەند رۆژی رابردووی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێم بۆ بەغدا، بە مەبەستی تەواوکردنی ئامادەکارییەکانی پڕۆسەی حەجی ئەمساڵ بووە.
بەگوتەی ستوونی، لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا گفتوگۆیان لەسەر چەند تەوەرێک کردووە؛ گرنگترینیان 'تێچووی حەجی ئەمساڵ' بووە. وەکو خۆی دەڵێت، تا ئێستا هەردوو شاندی حکومەتی عێراق و سعوودیە لەبارەی دیاریکردنی تێچووی حەجی ئەمساڵ نەگەیشتوونەتە رێککەوتن، "بەڵام چاوەڕێ دەکرێت تێچووەکە لە پارساڵ زیاتر بێت، بۆ هاووڵاتییانی عێراق بە گشتی.
کاروان ستوونی هۆکاری زیادبوونی تێچووی پڕۆسەی حەجی ئەمساڵ بۆ "گرانبوونی نرخی مانەوە لە هوتێلەکانی سعوودیە و خواردنگەکانی ئەو وڵاتە" گەڕاندووەتەوە و روونیکردەوە، پارساڵ رێژەی وەرگرتنی حاجیان لە سەرتاسەری جیهان تەنها 42٪ بووە، بەڵام ئەمساڵ بووەتە 100٪، "ئەمەش وایکردووە نرخی مانەوە لە هوتێلەکان و خواردن و خواردنەوەکان بەراورد بە پارساڵ زیاتر ببێت".
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان روونیشیکردەوە، دوای جەژنی رەمەزان رێککەوتنی کۆتایی دەکرێت و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بەشێوەیەکی فەرمی کۆی گشتیی تێچووی حەجی ئەمساڵ بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان رادەگەیەنرێت.
ساڵانە جیاوازی هەیە لە کۆی گشتیی تێچووی ئەنجامدانی پڕۆسەی حەج لەنێوان عێراق و هەرێمی کوردستان؛ پارساڵ هاووڵاتییانی عێراق بە نزیکەی چوار هەزار دۆلار (40 وەرەقە) 'فەریزەی' حەجیان ئەنجامدا، بەڵام حاجییانی هەرێمی کوردستان بە نزیکەی چوار هەزار و 700 دۆلار (47 وەرەقە) حەجەکەیان ئەنجامدا. گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرەی دڵنیایی دەدات، "بۆ ئەم ساڵ ئەو جیاوازییە گەورەیە نامێنێت و تێچووەکە لە عێراق و هەرێمی کوردستان زۆر نزیکی یەک دەبێت".
پارساڵ ژمارەیەک لەو هاووڵاتییانەی هەرێمی کوردستان کە 'فەریزەی' حەجیان ئەنجامدابوو، گلەییان لە خراپی شوێنی مانەوەیان و ئاستی خزمەتگوزارییەکان لە وڵاتی سعوودیە کردبوو، ستوونی دەڵێت، "حکومەتی سعوودیە بەرپرسیارە لە باش و خراپی ئاستی خزمەتگوزارییەکان، چونکە ئەو شوێنی مانەوەی حاجییان دەستنیشان دەکات، بەڵام ئەمساڵ ئامادەکارییەکان باشتر کراون و ئەو کێشانە چارەسەر کراون".
ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی شەممە 1ـی نیسانی 2023، بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە لە ئاگادارییەکدا داوای لە هاووڵاتییانەی هەرێمی کوردستان کرد کە ناویان لە لیستی هاوپێچدا هاتووە و ژمارەیان 19 کەسە، بەزووترین کات سەردانی نووسینگەی حەج و عومرەی هەولێر بکەن، بە مەبەستی تەواوکردنی مامەڵەکانیان، "چونکە ماوەی چەندین رۆژە لە رێگەی ژمارە مۆبایلەکانیانەوە پەیوەندییان پێوە دەکرێت بە هیچ شێوەیەک پەیوەندییەکان بەردەست نین، بۆیە داواکارین لە هەر کەسێک کە ئەم ناوانەی خوارەوە بناسێت یان خزم و کەسوکاری نزیکیان بن بە زووترین کات ئاگاداری‌یان بکەنەوە چونکە دواکات بۆ تەواوکردنی مامەڵەکانیان رۆژی سێ شەممە 4\4\2023 دەبێت."

هاوکات رۆژی چوارشه‌ممه 1ـی شوبات 2023، شێخ نیاز راغب، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی حه‌ج و عومره‌ی هه‌رێمی كوردستان له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، پار ساڵ دوو هه‌زار و 112 حاجی لە هەرێمی کوردستان فەریزەی حەجیان بەجێگەیاندووە و هه‌ر حاجییه‌ك چوار هه‌زار و 700 دۆلاری لێ وه‌رگیراوه.
له‌باره‌ی ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه له هه‌رێمی كوردستانه‌وه ده‌توانن ساڵانه فه‌ریزه‌ی حه‌ج ئه‌نجامبده‌ن، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی حه‌ج و عومره‌ی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، ساڵانه دوو ملیۆن كه‌س فه‌ریزه‌ی حه‌ج ئه‌نجامده‌ده‌ن، له‌و دوو ملیۆن كه‌سه، پشكی عێراق "33 هه‌زار و 690 كه‌س" و پشكی هه‌رێمی كوردستانیش "چوار هه‌زار و 685 كه‌سه".
ره‌خساندنی كورسی بۆ كه‌سوكاری شه‌هیدان له هه‌رێمی كوردستان یه‌كێك بوو له‌و پرسانه‌ی شێخ نیاز باسی لێوه‌كرد و گوتی، "100 كورسی بۆ كه‌سوكاری شه‌هیدان له هه‌رێمی كوردستان ته‌رخانكراون". روونیشیكرده‌وه، 100 كۆمپانیا به‌شداری له گواستنه‌وه‌ی هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان بۆ حه‌ج ده‌كه‌ن.